Zana Natık Kerem
30 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 30 ئەیلوول 2020
هەولێر ــ AA
باڵیۆز و هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ٢٥ وڵات لە عێراق رایانگەیاند كە لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی پاڵپشتی وڵاتەكانیان بۆ عێراق دووپات كردووەتەوە.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە باڵیۆز و هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئوسترالیا، كەنەدا، كرواتیا، میسر، یەكێتیی ئەورووپا، فینلاند، ئەڵمانیا، یۆنان، ئیتاڵیا، ژاپۆن، ئوردن، بەحرێن، سعوودیە، كوێت، هۆڵەندا، نەرویج، پۆڵەندا، كۆریای باشوور، سربیا، ئیسپانیا، سوید، توركیا، ئەمریكا، یەمەن لە بەغدا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی كۆبوونەوە و دوای كۆبوونەوەكەیش راگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە.
لە راگەیەندراوەكەی باڵیۆز و هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ٢٥ وڵاتەکە هاتووە "پاڵپشتی خۆمان بۆ عێراق و گەلەكەی دووپات كردەوە و جەختمان كردەوە لەوەی کە رێز لە سەروەری عێراق بگرین و ئەوەشمان راگەیاند كە دەمانەوێت ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق بەرقەرار بێت".
باڵیۆز و هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ٢٥ وڵاتەکە راشیانگەیاندووە کە نیگەرانی خۆیان نیشانداوە سەبارەت بە زیادبوونی هێرشی سەر نێردەكانی دیپلۆماتی لە عێراق و لەوبارەیەوە روونیانكردەوە كە ئەو هێرشانە تەنها مەترسیی نیین بۆسەر باڵیۆزخانەكان، بەڵكو بۆسەر عێراقییەكانیش مەترسین بەڵگەیش لەسەر ئەوە، دوو رۆژ لەمەوبەر لە ئاكامی كەوتنەخوارەوەی مووشەكی كاتیوشا لەسەر ماڵێك لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا یەك خێزان بوون بە قوربانی.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەیش هاتووە "خۆشحاڵی خۆمان نیشاندا بەو رێوشوێنانەی كە سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی بۆ رێگەگرتن لە هێرشكردنە سەر نێردەكانی دیپلۆماتی گرتوویەتەبەر".
باڵیۆز و هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ٢٥ وڵاتەکە لە راگەیەنراوەکەیاندا ئاماژەیان بەوەیشداوە كە داوایان كردووە، هەنگاوی زیاتر بۆ پتەوتركردنی ئاسایش لە بەغدا بنرێت بە تایبەتیش لە ناوچەی سەوز، هەروەها خواستی خۆیان بۆ یارمەتییدانی عێراق نیشانداوە بۆ رووبەڕوبوونەوەی تەحەدییە ئەمنییەكانی ئێستا.
پێشتر نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاندبوو كە مستەفا كازمی بۆ تاوتوێكردنی دوایین پێشهاتەكانی پەیوەست بە ئاسایشی نێردەكانی دیپلۆماتی لەگەڵ باڵیۆز و هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ٢٥ وڵات كۆبووەتەوە.