Abdullah Shukur
01 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 02 حوزەیران 2018
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە ھەروەکو پێشتر پلانیان بۆ دانابوو، لە ١٢ی حوزەیرانی داھاتوو لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ-ئون لە سینگاپور کۆدەبێتەوە.
ترەمپ لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسی باڵای کۆریای باکوور، کیم یۆنگ -چۆل لە کۆشکی سپی، لێدوانی پێشکەش بە رۆژنامەنووسان کرد.
ترەمپ لە باخچەی کۆشکی سپی ماڵئاوایی لە کیم یۆنگ - چۆل و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ کرد.
-"دەبێتە قۆناغێکی زۆر سەرکەوتوو"
ترەمپ راشیگەیاند کە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئەو بەرپرسەی کۆریای باکوور ماوەی دوو کاتژمێری خایاندووە و زۆر ئەرێنی بووە. ترەمپ لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکوور، کیم گوتی: "لە ١٢ی حوزەیران لە سینگاپور کۆدەبینەوە. پێموایە ئەمە دەبێتە قۆناغێکی زۆر سەرکەوتوو".
ترەمپ راشیگەیاند کە نامەکەی سەرۆکی کۆریای باکووری بەدەستگەیشتووە و لەمبارەیەوە گوتیشی: "کۆریای باکوور دەیەوێ ئەم رێککەوتنە ئەنجام بدات. ئەگەر بکرێ ئێمەش دەمانەوێ".
ترەمپ ئاشکراشی کرد کە ژمارەیەک بڕیاری سزادانی کۆریای باکوور ئامادەیە و بەڵام بەھۆی بەردەوامی قۆناغی دیپلۆماتیکی ناخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام تا داماڵینی چەکی ناوەکی لە دوورگەی کۆریای باکوور، سزاکان دەمێنەوە.
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ راشیگەیاند کە ھەرگیز بانگەشەی ئەوە ناکەن کە ھەموو شتەکان بە یەک لوتکە چارەسەر دەکەن و گوتیشی: "ئەم قۆناغێکە و کاتی پێویستە. ھەرگیز باسی یەک کۆبوونەوەم نەکردووە".
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەوەو پێش نامەیەکی بۆ سەرۆکی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ-ئون نووسی و تێیدا رایگەیاند کە بەشداری لە لووتکەکەی سینگاپور ناکات.
ترەمپ راشیگەیاندبوو کە کە کۆریای باکوور بەھۆی روونکردنەوەکانی لەبارەی مانۆڕە سەربازییەکەی کۆریای باشوور و ئەمریکا و کۆبوونەوەی لووتکەی نێوانیان، داھاتووی وڵاتەکە دەخاتە مەترسییەوە.
کۆریای باکوور، مانۆڕی سەربازیی ھاوبەشی ئەمریکا و کۆریای باشوور بە گێرەشێوێنی وەسفکردبوو ھەروەھا رێککەوتنامە باڵایەکانیشی لەگەڵ کۆریای باشوور ھەڵپەساردبوو.
ھەروەھا کۆریای باکوور ھۆشداری ئەوەشی دابوو کە ئەگەری ھەیە کۆبوونەوەی ترەمپ و کیم کە بڕیارە لە ١٢ی حوزەیران لە وڵاتی سەنگاپور ئەنجام بدرێت، ھەڵبوەشێندرێتەوە.