Alaattin Doğru
08 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 09 حوزەیران 2021
پاریس- AA
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن لە میانی بەسەرکردنەوەی هەرێمی درۆم باشووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، بە زلـلە لێیدرا.
ئیمانوێل ماکرۆن لە میانی گەشتی بۆ ناوچە جیاجیاکانی وڵاتەکەی قوتابخانەیەکی ئامادەیی گەشتوگوزاری لە هەرێمی درۆم بەسەر کردووە و دوای سەردانەکەش لەگەڵ چەند کەسێکی ئامادەبوو تەوقەی کرد.
لە ناکاو یەکێک لەو کەسانەی هاتەبەردەم سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن بۆ ئەوەی تەوقەی لەگەڵ بکات، بە دەستێکی قۆڵی گرت و بەدەستەکەی دیکەشی زللەیەکی کێشا بە رووخساریدا.
پاسەوانەکانی سەرکۆماری فەڕەنسا بەخێرایی ئەو کەسەیان دوورخستەوە.
کۆشکی ئێلیزێ، ئەم رووداوەی پشتڕاستکردەوە و میدیای فەڕەنسا-ش هەواڵی ئەوەیان بڵاوکردوەتەوە کە بەتۆمەتی پەیوەندیداربوون بە رووداوەکە دوو کەس دەستبەسەرکراون.
ئەم گەشتەی سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن کە ناوی لێناوە "گەشتی فەڕەنسا" لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە وەک گەشتێکی بانگەشەی هەڵبژاردن وەسف دەکرێت.