Aykut Karadağ
09 ئەیلوول 2024•نوێکردنەوە: 10 ئەیلوول 2024
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیدا، ٢١ ئامانجی تیرۆریستانیان لە ناوچەکانی مەتینا، گارە، خواکورک و قەندیل لە باکووری عێراق لەناو بردووە.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا، زانیاری لەبارەی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی لە باکووری عێراق بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لەسەر بنەمای ٥١مین ماددەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی بەرگری ڕەوا و بە مەبەستی ئاسایشی گەلەکەمان و هێزە ئەمنییەکان لەهەر چەشنە کردەوەیەکی تیرۆریستی، ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی لە ناوچەکانی مەتینا، خواکورک، گارە و قەندیل لە باکووری عێراق کراوەتەوە سەر تیرۆریستانی پەکەکە/کەجەکە".
ھەروەھا لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کۆگا، ئەشکەوت، حەشارگە و پەناگەی تیرۆریستان کە بەناو بەرپرسە باڵاکانی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکەشی تێدا بووە، بە گشتی ٢١ ئامانج لەناو بران و ژمارەیەکی زۆر تیرۆریستیش لە چالاکی خراون".
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هێزە چەکدارەکانی تورکیا کە لە هەناوی گەلە ڕەسەنەکەمان هەڵقوڵاوە، وەک لە ڕابردوو، ئێستاش بۆ مانەوە و ئاسایشی گەلەکەمان و وڵاتەکەمان، هەتا مانەوەی دوایین تیرۆریست بە پێداگرییەوە لەسەر خەباتەکەی بەردەوام دەبێت. لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا، بۆ پاراستنی مافی خەڵکی سڤیل، کەسانی دۆست و شوێنە مێژووی و کولتوورییەکان و ژینگە لە هەرچەشنە زیانێک، ڕێکاری پێویست گیراوەتە بەر".