Yusuf Hatip,Muhammet Ali Kemal
10 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 10 تشرینی دووەم 2018
پاریس- AA
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن بەر لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ جەختی لە پێشنیارەکەی سەبارەت بە "سوپایەکی یەکێتیی ئەورووپا کە سەربەخۆ بێت و پەیوەست نەبێت بە ئەمریکاوە" کردەوە.
ئیمانوێل ماکرۆن و دۆناڵد ترەمپ بەر لە کۆبوونەوەیان، روونکردنەوەیان دایە رۆژنامەوانان و ماکرۆن رایگەیاند: "نادادپەروەرییە کە لەمڕۆدا ئاسایشی یەکێتیی ئەورووپا تەنها لەلایەن ئەمریکاوە بپارێزرێت" و جەختی لەوەکردەوە کە تەنها لەبەر ئەوە "پێویست بە بوونی توانای زیاتری ئەورووپا و بەرگریی زیاتر هەیە".
ماکرۆن ستایشی ئۆپەراسیۆنی هەریەک لە ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسای بۆ سەر ناوەندیەکانی چەکی کیمیاویی رژێمی بەشار ئەسەد لە سەرەتای ئەمساڵدا لە سووریا کرد و گوتی: "هاوڕام لەگەڵ گوتەکانی سەرۆک (ترەمپ) سەبارەت بە 'دابەشکردنی زیاتری تێچوونەکان لە ناتۆدا'. لەپاڵ ئەمەدا پێشنیارەکەم سەبارەت بە بەرگریی ئەورووپا بەتەواوەتی لەگەڵ ئەم گوتانەدا گونجاوە. پێشنیارەکەم بە مانای هێزی زیاتر و توانای ئەورووپا دێت، لە ناتۆدا".
سەرکۆماری فەڕەنسا، لە لێدوانێکدا ئەم هەفتەیە لە پاریس، بە ئاماژەدان بە مەترسیی رووسیا باسی لەوەکردبوو تا ئەوکاتەی کە سوپایەکی یەکێتیی ئەورووپا کە پەیوەست نەبێت بە ئەمریکاوە و سەربەخۆبێت درووستنەکرێت، ئەورووپییەکان ناتوانن لە ئاسایشدا بن.