Abdullah Shukur
09 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 10 تشرینی دووەم 2018
بەرلین - AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، ماریا ئەدبهار رایگەیاند، تاکو ئێستا وەڵامی گشت پرسیارەکان لەبارەی پرسی کوشتنی رۆژنامەنووسی سعوودی، جەمال خاشقچی نەدراونەتەوە.
ئەدبهار لە شاری بەرلین پایتەختی ئەڵمانیا رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ھایکۆ ماس دوو رۆژ پێش ئێستا داوای ئاشکراکردنی تاوانی کوشتنی خاشقچی بە تەواوی کردووە.
ئەدبهار ئاماژەی بەوەشکرد کە پێویستە وەڵامی گشت پرسیارەکانی پەیوەندیدار بەم تاوانە بدرێنەوە و چاوەڕێی ئەوەش دەکەن کە پێویستە ئەم کارە بە خێراترین شێوە ئەنجام بدرێت.
دوای ئەوەی لە دووی تشرینی یەکەمی رابردوو رۆژنامەنووسی سعوودی و نووسەر لە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، جەمال خاشقجی بۆ مامەڵەیەکی فەرمی سەردانی کۆنسولخانەی وڵاتەکەی کرد لە ئیستانبوڵ، بێ سەروشوێن بوو و جارێکی دیکە نەبینرایەوە.
دوای ١٨ رۆژ لەو رووداوە، بەرپرسانی سعوودیە کوژرانی جەمال خاشقجی-یان لەنێو باڵەخانەی کۆنسولخانەکەدا راگەیاند و تا ئێستا شوێنی تەرمی ناوبراو نازاندرێت.