Mohammed Ghifari,Hamdi Yıldız
27 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 28 تەمووز 2023
رامەڵڵا – AA
لە میانی هەڵکوتانە سەر شاری قەلقیلیە باکووری کەناری رۆژئاوای داگیرکراو، گولـلەی سەربازانی ئیسرائیل بەر منداڵێکی فەڵەستینی کەوت و گیانی لەدەست دا.
وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا سەرنجی خستە سەر ئەوەی ئەو منداڵەی گولـلەی سەربازانی ئیسرائیل بەر سەری کەوتبوو لە نەخۆشخانەی گشتیی قەلقیلیە گیانی سپارد.
لە راگەیەندراوەکەدا، زانیاری نەدراوە لەبارەی ناسنامە و تەمەنی منداڵەکە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە شایەتحاڵانەوە بە دەستی گەیشتوون، سەربازانی ئیسرائیل درەنگانی شەوی رابردوو هەڵیان کوتاوەتە سەر "گەڕەکی نەققار" رۆژئاوای شارەکە.
گەنجانی فەڵەستینی لە رێگای بەرد تێگرتن و ئاراستەکردنی مۆلۆتۆڤەوە هەوڵیان داوە رێگە لە هەڵکوتانەسەرەکە بگرن، سەربازانی ئیسرائیلیش بە گولـلەی راستەقینە و پلاستیکی و گازی فرمێسکڕێژ رووبەڕوویان بوونەتەوە.
لەبارەی رووداوەکەوە هێشتا ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی نەداوە، ئاماژە بەوە دەدرێت بە مەبەستی دەستگیرکردنی چەند کەسێکی "داواکراو" هەڵکوتانەسەرەکە ئەنجام دراوە.