بەغدا
ھەرچەند لەو چەند ساڵەی دواییدا رۆژانە گوێبیستی ھەواڵی تەقینەوەکانی بەغدا دەبین، بەڵام ئەوەی بوەتە جێگەی سەرنج، ھێمنی شەقامی موتەننەببییە کە وەک باخێکی دڵگیری ناو گۆڕستانێک دەردەکەوێ.
تەقینەوە و وێرانکاری ئەو چەند ساڵەی بەغدا، زۆرێک لە باڵەخانە بەرزەکانی شارەکەی لەگەڵ زەوی تەختکردووە، بەڵام نەیتوانی چۆک بەو شەقامە رۆشنبیردۆستە دابدات. جگە لە شەقامی موتەنەببی، ھەروەھا خاوەنی ناوی شەقامی رۆشنبیریشە. ھەر کەسێک بەدوای کتێبدا بگەڕێ، ناونیشانی شەقامی موتەنەبیی پێ دەدەن.
رۆژنامەنووسێکی عێراقی بەناوی واسق چەلەبی لەبارەی شەقامی موتەنەببییەوە بە ئاژانسی ئەنادۆڵو (AA)ی گوت: "ئەو شەقام و بازاڕی کتێبە لە سەدەی ١٩ھەم لەلایەن عوسمانییەکانەوە دروستکراوە، روناکبیران، سیاسەتوانان، خوێندکاران و چینەکانی دیکە بە پەرۆشەوە چاوەڕێی رۆژی ھەینی دەکەن، تا لە کافتێریای شابەندەر کۆببنەوە و چاویان بەیەکتر بکەوێ".
نووسەرێکی رۆژنامە بەناوی حازم عینایە گوتی: "ئەو کتێبە مێژوویی و گرانبەھایانەی دەستناکەون، لێرە بەشێوەی کۆپیکراو ھەن و خوێنەران دەتوانن وەک سەرچاوە بەکاریبێنن".
قاسم محەمەد، کارمەندی کتێبخانەی فولفولی گوتی: "بەھەزارەھا کتێبی مێژوویی و دەگمەن لە کتێبخانەکەماندا دەستدەکەوێ. ئێواران بەدەیان سیاسەتمەدار و خوێنەر لێرە خەریکی خوێندنەوەی کتێبن."
شەقامی موتەنەببی لەساڵی ١٨٦٣ لەلایەن نامق پاشاوە دروستکراوە. لەسەردەمی والی میتحەت پاشا لە ساڵی ١٨٧١ قاتی دووەم بۆ قشڵەی بازاڕەکە زیادکراوە و سەعاتێکی گەورەش ھەر لەوێ درووستکراوە. ئەگەرچی شەقامەکە چەندجارێک نۆژەنکراوەتەوە و گۆڕانکاریی بەسەرداھاتووە، بەڵام سیما رۆشنبیری و ھونەرییەکەی لەدەستنەداوە.