Zana Natık Kerem
12 شوبات 2025•نوێکردنەوە: 14 شوبات 2025
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان-عێراق، مەسرور بارزانی و وەزیری دارایی تورکیا، محەمەد شیمشەک ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم-یان تاوتوێ کرد.
نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی سەرۆکوەزیرانی ھەرێم لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە مەسرور بارزانی لە پەراوێزی بەشدارییکردنی لە لووتکەی جیھانی حکوومەتەکان لە دوبەی، لەگەڵ وەزیری دارایی تورکیا، محەمەد شیمشەک کۆبووەتەوە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت کراوەتەوە لەسەر برەدوان بە پەیوەندیی نێوان ھەرێم و تورکیا، بە تایبەتی لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی، ئابووریی و وەبەرھێناندا.
باسی لەوەش کردووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی ھەوڵەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵ، ھەروەھا ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم لە زووترین کاتدا تاوتوێ کراوە .
ھەروەھا ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ھەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا، باس لە گرنگیی ئەنجامدانی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و بەیەکەوەبەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و ھەرێم بە تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا لە ڕێگای ھێلی ئاسنین کراوە و لەوبارەیەوە ھەردوولا ھاوڕابوون لە سەر پێویستی بەشداریی کارای ھەرێم لەم پڕۆژە گرنگەدا.