Sarmand Hameed
20 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 20 تشرینی دووەم 2021
ھەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی، ئەحمەد ئەبو غەیت، تاوتوێی دۆخی عێراقی دوای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پەیوەندی کۆمکاری عەرەبی و ھەرێمی کوردستانیان کرد.
مەسرور بارزانی کە بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی دایەلۆگی مەنامە ٢٠٢١ لە بەحرێنە، لەگەڵ ئەحمەد ئەبو غەیت کۆبووەوە.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، لە میانی دیدارەکەدا تاوتوێی دۆخی عێراق دوای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پەیوەندی کۆمکاری عەرەبی و ھەرێمی کوردستان کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی ھاریکاری و ھەماھەنگیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کێشە و ئاستەنگە ھەرێمییەکان کرا.
دوێنێ ھەینی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی دایەلۆگی مەنامە ٢٠٢١، بەسەرۆکایەتی شاندێکی حکوومی کە پێکھاتووە لە وەزیری کاروباری پێشمەرگە، شۆڕش ئیسماعیل و وەزیری دارایی و ئابووری، ئاوات شێخ جەناب و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی، گەیشتە مەنامە پایتەختی بەحرێن.