Hawkar Yaseen
31 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 01 کانوونی دووەم 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بەبۆنەی ساڵی نوێی زایینییەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوای یەکڕیزی و یەکدەنگی نیشتمانیی دەکات.
مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی "بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی ٢٠٢١، گەرمترین پیرۆزبایی لە هاونیشتمانییانی کوردستان بەگشتی و پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان بە تایبەتی دەکەم، هیوادارم ساڵێکی پڕ لە کامەرانیی و ئاشتی و ئارامیی و کۆتایی هاتنی نەهامەتی و قەیرانەکان بێت لە کوردستان و عێراق و جیهاندا".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە "لەکاتێکدا پێ دەنێینە ساڵی نوێوه، هەرێمی کوردستان و جیهان بهگشتی ساڵێكی زۆر سهختی بهڕێكرد، ئەویش بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتە ئابوورییە سەختەکانی و نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن کاربەدەستانی حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا کە لە ئەنجامدا قەیران و دۆخێکی دارایی سەخت و بارگرانییەکی زۆر لە سەر هاونیشتمانییانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان دروستبوو، ئێستا کە لهسهر بوودجهی ٢٠٢١ لهگهڵ حكوومهتی عێراق گهیشتووینهته رێککەوتن، هیوادارم رێککەوتنەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و لایەنە سیاسییەکانی عێراق، چیتر رێگە نەدەن ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، بکرێتە کارتێکی فشاری سیاسیی لە دژی خەڵکی مافخوراوی کوردستان، دووپاتیشی دەکەینەوە کە ئێمە هەرگیز دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان نابین".
مەسرور بارزانی هەروەها راشیگەیاندووە "گەلی کوردستان خاوەن پرسێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە و قوربانییەکی زۆری لەم پێناوە داوە و قەوارەی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی سەدان هەزار شەهیدە و پێویستە بە هەموومان داکۆکی لێ بکەین و بیپارێزین، چونکە کەرامەت و سەربەرزی خەڵکی کوردستان بەندە بە هەبوون و بەهێزبوونی ناسنامەی نیشتمانیی و نەتەوەییمان و رێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانمان، داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی خۆڕاگری کوردستان دەکەم هەموو جیاوازیی و ناکۆکییەک بەلاوەبنێن و بەرگری لە خاک و قەوارەی فيدراڵی هەرێمی کوردستان و دەسکەوتەکان بکەن و یەکگرتووانە ڕووبەڕووی هەموو هەڕەشەکان ببنەوە و داکۆکی لە مافە رەوا و دەستوورییەکانیان بکەن، دڵنیام بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی دەتوانین هەموو قەیران و ئاستەنگەکان تێپەڕینین".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کورستان، مەسرور بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا رایگەیاندووە "لێرەدا جەخت لە هەوڵە بەردەوامەکانمان بۆ درێژەدان بە چاکسازی و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و سەروەری یاسا و دادپەروەریی و سەقامگیرکردنی زیاتری ئاسایش و ئارامی دەکەینەوە، ئێمە بە گەشبینی و ئومێدەوە دەڕوانینە داهاتوو، بەو هیوایەی هەرێمی کوردستان پێ بنێتە قۆناغێکی نوێی گەشەکردن و پڕ دەستکەوت و ئاوەدانی و دووربێت لە هەموو ناخۆشی و دۆخێکی نەخوازراو".