Heman Hussein Yaseen
18 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 19 شوبات 2020
هەولێر - AA
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە رۆما لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، جوزێپێ کۆنتێ کۆبووەوە.
بەپێی هەواڵێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئیتاڵیا و ھەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە کراوە.
ئاماژە بەوەش دراوە کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی ئیتاڵیای کردووە بۆ پشتیوانیی بەھێزی لە شەڕی دژبە داعش و راھێنان بە پێشمەرگەدا، هەروەها ئاماژەیشی بە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەھێزکردنی ئەزموونی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە ھەرێمی کوردستان کردووە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی هەروەها تیشکی خستووەتە سەر کارنامەی چاکسازی کابینەی نۆیەم و ئاسانکاریکردن بۆ پرۆسەی وەبەرھێنان، هیوایشی خواستووە کە وەبەرھێنانی ئیتاڵی لە کوردستاندا گەشە بسەنێت.
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەردەومیدان بە ھەماھەنگی و پشتگیریکردنی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەربڕیووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، ھەروەھا جەختیشی لە دۆستایەتی ئیتاڵیا و بەھێزکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان کردووەتەوە بەتایبەتی لە بواری پەرەپێدانی وەبەرھێنانی ئیتاڵی لە ھەرێمی کوردستان.