Zana Natık Kerem
12 ئەیلوول 2024•نوێکردنەوە: 14 ئەیلوول 2024
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کورستان، مەسعود بارزانی و سەرکۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
بارەگای بارزانی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە شاری ھەولێر، مەسعود بارزانی پێشوازی لە سەرکۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان کردووە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، بیروڕا لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کراوە و ھەروەھا جەخت کراوەتەوە لەسەر ھەماھەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارە سیاسی و ئابووری و کولتوورییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران.
باسی لەوەش کردووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، مەسعود پزیشکیان بە فەرمی بانگھێشتی مەسعود بارزانی کردووە، بۆ ئەوەی سەردانی ئێران بکات.
سەرکۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان دوای کۆتایی ھاتنی دیدار و کۆبوونەوەکانی لە بەغدا، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لێکرا.
ئەمە یەکەم سەردانی سەرکۆماری ئێرانە دوای دەستبەکاربوونی لەم پۆستە و بڕیاریشە دوای ھەولێر، سەردانی سلێمانی بکات و لەگەڵ بەرپرسان و لایەنە سیاسییەکان کۆبێتەوە.
دوێنێ چوارشەممە مەسعود پزیشکیان بەسەردانێک گەیشتبووە بەغدا کە لە میانیدا عێراق و ئیران ١٤ یاداشتنامەی لێگتێگەیشتنیان لە بوارەکانی ئابووری، کشتوکاڵ، سەرچاوە سرووشتییەکان، پەیوەندییەکان، پاراستنی کۆمەڵایەتی، وەرزش و لاوان، پەروەردە، گەشتوگوزار، ڕۆشنبيری و ھۆنەر، شوێنەوار، مەشق و ڕاھێنانی پیشەیی، پەرەپێدان بە ھێزی کاری لێھاتوو و ھاریکارییەکانی نێوان ژوورە بازرگانییەکانی عێراق و ئێران، واژوو کرد.