Heman Hussein Yaseen
18 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 19 ئەیلوول 2021
ههولێر - AA
لە کۆتا رۆژی سەردانهكهیدا بۆ بەریتانیا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە لەندەن لەلایەن جێنشینی ئەبوزەبی و جێگری فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی ئیمارات و سەرۆکی ئەنجومەنی راپەڕاندنی ئەبوزەبی، محەمەد بن زاید، لە شوێنی مانەوەی پێشوازیی لێ کرا.
بەپێی ھەواڵێکی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئیمارات، دۆخی سیاسی و ھەڵبژاردن و پێشبینییەکان بۆ داھاتووی عیراق، سەردانی ھەردوولا بۆ لەندەن و کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بۆریس جۆنسن، دوایین پێشھات و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە بەگشتی و چەند پرسێکی جێی بایەخی ھاوبەشیان تاوتوێ کردووە.
ئاماژە بەوەیشکراوە کە، ھەردوولا جەختیان لە پتەوکردنی دۆستایەتی و پەیوەندییەکان لە ھەموو بوارەکاندا کردەوە و لەسەر گرنگیی برەودان بە ھەوڵەکان و ھاریکاریی و کاری ھاوبەش لە پێناو پاراستنی سەقامگیریی و چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا ھاوڕا بوون و لەو بارەیەوە بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کردووە.