Muhammet Ali Kemal
22 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 23 ئاب 2017
جنێڤ - AA
نەتەوەیەکگرتووەکان داوای لە حکوومەتی عێراق کرد خاوەندارێتیی لە هەزاران ژن و منداڵ بکات کە بەرەوڕووی هەموو جۆرە دەستدرێژی و گێچەڵێکی سێکسی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بوونەتەوە.
لە راپۆرتێکی هاوبەشی هەریەک لە نێردەی هاوکاریی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق (UNAMI) و کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوەیەکگرتووەکان (OHCHR)، جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە پارێزگاریی لە هەزاران ژن و منداڵ بکات کە بەرەوڕووی دەستدرێژی سێکسی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بوونەتەوە، بکرێت و پەراوێز نەخرێن.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە ''ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و منداڵانی ئەو ناوچانەی کە بەدەست رێکخراوی داعشەوە بوون و لە سەرووی هەمووشیانەوە ئێزدییەکان و کەمایەتییەکانی دیکە بەرەوڕووی پێشێلکردنی مافەکانیان و بن پێنانی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە لایەن چەکدارانی رێکخراوەکەوە بوونەتەوە'' و تیشک خراوەتە سەر پێویستیی رێگە خۆشکردن بۆ قوربانییەکان تاوەکو رێگەی دادگا بگرنە بەر و قەرەبوو بکرێنەوە، ئاماژە بەوەشکراوە ئەنجامدانی ئەو کارەش دەکەوێتە سەر شانی حکوومەتی عێراق تاوەکو لەچوارچێوەی یاسا نێوخۆییەکان و نێودەوڵەتییەکاندا لێپرسراوێتیی بگرێتە ئەستۆ.
کۆمیسیای باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوەیەکگرتووەکان، زەید رەعد حسێن لە لێدوانێکدا سەبارەت بە راپۆرتەکە، ئاماژەی بەوەکرد ئەو کاریگەرییانەی چەکدارانی داعش لە رووی جەستەیی، عەقڵی و سۆزدارییەوە لەسەر ژنان جێیانهێشتووە، ناچێتە عەقڵەوە. باسی لەوەشکرد بۆ ئەوەی قوربانییان بتوانن دووبارە ژیانی خۆیان و داهاتووی منداڵەکانیان بنیات بنێنەوە، پێویستە قەرەبوو بکرێنەوە.
زەید رەعد حسێن تیشکی خستە سەر ئەوەی سەدان منداڵ هەن کە بەڵگەنامەی لەدایکبوونیان نییە یان بەڵگەنامەکانیان لە لایەن رێکخراوی داعشەوە بۆ درووستکراوە و ئەمەش لە لایەن حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە، پەسەند ناکرێت کە ئەمە مایەی نیگەرانیی رێکخراوکەی ئەوانە و رایگەیاند ''ئەو منداڵانەی کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعشدا لەدایکبوون خاوەنی هەمان ئەو مافانەن هاووڵاتییانی دیکەی عێراق هەیانە و پێویستە لەسەر حکوومەت کە رێگە لە بەکارهێنان و پەراویزخستنی ئەو منداڵانە بگرێت''.
هەردوو رێکخراوەکەی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە راپۆرتەکەیاندا ژمارەیەک پێشنیاز دەدەنە حکوومەتی عێراق سەبارەت بە فەراهەمکردنی پشتیوانیی و چارەسەر بۆ قوربانییان، یەکخستنەوەی خێزانە پەرتەوازەبووەکان، خزمەتگوزارییەکانی راوێژکاریی و زانیاریی و گرنگیی تۆمارکردنی لەدایکبووان.