İdiris Okuduci
07 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 07 نیسان 2023
بەیروت - AA
هێزی کاتیی ئاشتیپارێز سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان کە لەسەر سنووری لوبنان-ئیسرائیل لە ئەرکدان، هۆشداریی دا لەوەی دۆخی ناوچەی سنووری "زۆر مەترسیدارە".
دوای ئاڕاستەکردنی ژامارهیهك مووشەک لە باشووری لوبنانەوە بۆ ئیسرائیل و وەڵامدانەوەی لەلایەن ئیسرائیلەوە، نووسینگەی راگهیاندنی هێزی کاتیی ئاشتیپارێز راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، باس لەوە کراوە "ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ لە باشووری لوبنانەوە ژمارهیهك مووشەک ئاڕاستەی ئیسرائیل کراوە" و تێیدا هاتووە: "سوپای ئیسرائیل بە هێزی کاتیی ئاشتیپارێزی راگەیاندووە کە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی گومهزی ئاسنینی چالاک کردووە".
فەرماندی هێزی کاتیی ئاشتیپارێز، ئارۆلدۆ لازارۆ لە رێگەی راگەیەندراوەکەوه ئاماژەی بەوە کردووە: "لەگەڵ هەردوو لایەنی هێڵی شین لە پەیوەندیداین. ئەو دۆخەی هەیە زۆر مەترسیدارە. هێزی کاتیی ئاشتیپارێز، داوا لە لایەنەکان دەکات کە بە خێرایی خۆیان لە هەڵکشانی گرژییەکان بە دووربگرن و دان بەخۆدا بگرن".
سوپای ئیسرائیل ئەوەی راگەیاندبوو کە زنجیرە مووشەکێک لە خاکی لوبنانەوە ئاڕاستەی ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل کراوە و زەنگی ئاگادارکردنەوە لەو ناوچانە چالاک کراوە.
لەو راگەیەندراوەدا کە لەلایهن ئەستێرەی سووری داوودەوە بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە، لەدوای رووداوەکەوه تیمە تەندروستییەکان کەوتوونەتە ئامادەباشیی تهواوهتییهوه و هاوکاری ئەو کەسانەیان کردووە کە لە هێرشەکەدا برینداربوون.
لە دوای هێرشەکە، سوپای ئیسرائیل دەستی بە تۆپبارانكردنی باشووری لوبنان کردبوو.