Muhammet Ali Kemal
28 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 29 تەمووز 2017
حەسەکە - AA
رەوانەکردنی هاوکارییە سەربازییەکان لە لایەن ئەمریکاوە بۆ رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/پەیەدە بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی داعش، درێژەی هەیە. لەماوەی هەفتەی رابردوودا بە دوو جار ١٨٠ بارهەڵگر هاوکاریی، بۆ چەکدارانی رێکخراوەکە رەوانەی باکووری رەققە کراوە.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە حەسەکە ئاشکرای کرد رۆژی ٢٢ی تەمووز، ١٠٠ بارهەڵگر و دوێنێش ٨٠ بارهەڵگری دیکە کە ئۆتۆمبێلی سەربازیی و کەلوپەل و تەقەمەنییان هەڵگرتبوو، لە سنووری عێراقەوە هاتوونەتە حەسەکە.
لەنێو کاروانی بارهەڵگرەکاندا کە سەریان داپۆشرابوو، ئامێرەکانی شارەوانی و زرێپۆش بوونیان هەبوو.
ئەمە جگە لەوەی لە ٥ی حوزەیراندا ٦٠ بارهەڵگر، لە ١٢ی حوزەیراندا ٢٠بارهەڵگر، لە ١٦ی حوزەیراندا ٥٠ بارهەڵگر و لەنێوان ٢١ بۆ ٢٦ی حوزەیراندا ١٢٠ بارهەڵگر، لە ٥ی تەمووزدا ٨٢ بارهەڵگر، لە ٩ی تەمووزدا ١٠٢، لە ١٣ی تەمووزدا ٩٥ بارهەڵگر و لە ١٧ی تەمووزدا ١٠٠ بارهەڵگر، کە کۆی سەرجەمیان دەکاتە ٦٢٩ بارهەڵگر، هاوکاریی سەربازیی گەیشتوونەتە ناوچەکانی ژێر دەستی پەکەکە/پەیەدە.
لە بەڵگەیەکیشدا کە ئاژانسی ئانادۆڵو لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاوە دەستیکەوتووە، لە لیستی ئەو چەکانەی کە دەدرێتە گرووپەکانی سووریا کە پەکەکە/پەیەدەشیان تێدایە، ١٢ هەزار کڵاشینکۆف، ٦ هەزار تفەنگی ئۆتۆماتیکی و ٣ هەزار و ٥٠٠ چەکی قورسی ئۆتۆماتیکی، لەگەڵ ٣ هەزار RPG-7ی ئەمریکی و هەزار AT-4ی ئەمریکی یان مووشەکی دژە تانکی SPG-9ی رووسی بوونی هەیە.
لە بەڵگەنامەکەدا ئەوەش هاتووە کە ٢٣٥ گوللـە هاوەن بە قەبارەی جۆراوجۆر، ١٠٠ قەناس، ٤٥٠ دووربینی شەو لە جۆری PV-7 و ١٥٠ لایتی دووربینی لێزەریی ژێر تیشکی سوور دەگاتە دەست رێکخراوەکە.
هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بە سەرکردایەتی ئەمریکا رۆژی ٦ی حوزەیران دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی بۆ سەر ناوەندی شاری رەققە راگەیاندبوو، بەڵام ئەمریکا لە مانگی نیسانی ٢٠١٦ەوە هاوکاریی سەربازیی بۆ رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/پەیەدە رەوانەی سووریا، دەکات.