Gülşen Topçu
24 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 24 نیسان 2021
کەرتی غەززە - AA
فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل، لە كەرتی غەززە زنجیرەیەك هێرشیان كردە سەر چەند خاڵێک.
بەپێی ئەو زانیاریەی لە گەواهیدەران وەرگیراوە، فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل، دوو هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر کێڵگە کشتوکاڵیەکانی ناوچەی مەتەر غەززە لە خۆرهەڵاتی شاری رەفاح لە باشووری کەرتی غەززە.
بە هەمان شێوە فڕۆکە جەنگییەکان لانی کەم دوو مووشەکیان ئاڕاستەی ناوچەی جەبەل ئەلرایس-ی باکووری خۆرهەڵاتی کەرتی غەززە کردووە، لەو هێرشانەدا هیچ زیانێکی گیانیی نەکەوتووەتەوە.
سوپای ئیسرائیل، لە راگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویکردەوە، ئاماژە بەوە کردووە کە فڕۆکە جەنگییەکان هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر سەکۆی مووشەکەکانی حەماس و تونێلەکانی لە کەرتی غەززە.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە هێرشەکە وەک بەرپەرچدانەوەیەک بەرامبەر ئاراستە کردنی چەند مووشەکێک لە کەرتی غەززەوە بۆ ئیسرائیل ئەنجامدراو.
لە لایەکی دیکەوە، لیواکانی ئەبو عەلی موستەفا کە باڵی سەربازیی بەرەی رزگاری گەلی فەڵەستینە، بەرپرسیارێتیی خۆی لە هەڵدانی مووشەکەکان بۆ سەر ئیسرائیل راگەیاند.
لە راگەیەندراوێکدا کە لە لایەن لیواکانی ئەبو عەلی موستەفاوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە ئاڕاستەکردنی مووشەکەکان بەرپەرچدانەوەی هێرشی ئیسرائیل بووە بۆ سەر کەرتی غەززە.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ ''پێشتر ئیسرائیل ئاگادارکرابووەوە لەبارەی هێرشەکانی بۆ سەر گەلی فەڵەستین و، جەخت لەسەر ئەوە کرابووەوە کە باجەکەی قورس دەبێت''.
ئیسرائیل، کاتەکانی شەو بە تانک چەند خاڵێکی حەماسی لە کەرتی غەززە بۆردومان کرد.