Sinan Doğan
24 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 24 نیسان 2021
بۆگۆتا - AA
لە کۆڵۆمبیا، ئەندامێکی پێشووی دیکەی هێزه چهكداره شۆڕشگێڕهكانی كۆلۆمبیا (FARC) کوژرا، کە لە تشرینی دووەمی ٢٠١٦ەوە تا ئێستا وازی لە چەک هێناوە و بڕیاریداوە لە کایەی سیاسییدا چالاکی ئەنجام بدات.
بە پێی ئەو هەواڵەی لە راگەیاندنی کۆڵۆمبیادا بڵاوکراوەتەوە، یەکێکی دیکە لە ئەندامانی پێشووی فارک کوژرا، کە بە رێککەوتنێکی ئاشتیی لە نێوان سەرۆکی پێشووی کۆڵۆمبیا، ژوان مانوێل سانتۆس و سەرکردەی پێشووی فارک، ریدریگۆ لۆندۆنۆ لە بۆگۆتا واژووکرا دەستی بە ژیان و چالاکی مەدەنی کردووە.
لەگەڵ کوشتنی ئەو ئەندامەی پێشووی FARC لە گوندێکی سەربە ویلایەتی کاکویتا، ژمارەی ئەو ئەندامانەی پێشووی رێکخراوەکە کە لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا کوژراون بەرزبووەتەوە بۆ ٢٧٠ کەس.
رێکخراوی FARC کە لە ٢٤ی کانوونی دووەمدا ناوەکەی گۆڕی بۆ 'COMUNES' کە بە واتای ''هاوبەش'' دێت، لە راگەیەندراوێکدا ئیدانەی تاوانەکەی کرد و، رایگەیاند: ''بە هەواڵی کوشتنێکی نوێ بە خەبەر هاتین، هەندێک بەردەوامن لەسەر رق و کینە، مرۆڤەکان لەبەردەم خێزانەکانیان دەکوژرێن''.
دادگای تایبەتی ئاشتیی، کە بەرپرسە لە بەڕێوەبردنی رێککەوتننامەکەی ٢٠١٦ی نێوان حکوومەت و فارک، لە روونکردنەوەکەی ٢٠ی نیسانیدا، ئاماژەی بەوە کرد کە لە کۆتایی ٢٠١٦ەوە تا ئێستا ٢٧٦ چەکداری پێشووی فارک و زیاترلە ٩٠٠ رێبەری کۆمەڵگە کوژراون.
زۆرترین توندوتیژیەکانی کۆڵۆمبیا لە ویلایەتەکانی ئانتیوکیا، کاوکا و نارینۆ تۆمارکراوە.