Hemin Hüseyin
19 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 20 نیسان 2018
هەولێر-AA
سەرۆکی یانەی شەترەنجی خانزاد ئاماژە بەوە دەکات کە یەکەمینجارە لە پاڵەوانیەتییەکی شەترەنجدا، ناوبژیوانێکی نێودەوڵەتی بەشداربێت و ئاماژەش بۆ ئەوە دەکات کە پاڵەوانیەتییەکە چوار رۆژ دەخایەنێت.
سەرۆکی یانەی شەتڕەنجی خانزاد، دلزار حەمەساڵح قادر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو: "ئەمە دەیەمین پاڵەوانیەتی کلاسیکی شەترەنجی خانزادە، نزیکەی ٦٠ یاریزان لە هەردوو رەگەز لە سەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەشدارن، یەکەمین جاریشە کە ناوبژیوانێکی نێودەوڵەتی سەرپەرشتی پاڵەوانیەتییەکە دەکات، ئەم پاڵەوانیەتیەش دوای ئەوە دێت کە یانەی شەترەنجی خانزاد توانی لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت، مەبەست لە کردنەوەی پاڵەوانیەتەیەکە دەرفەتێک هەبێت بۆ ئەوەی یاریزانەکان بتوانن بەریەک بکەون لەگەڵ یاریزانانی جیهانی و بتوانن ئەنجامی باش بە دەست بهێینن".
دلزار حەمەساڵح گوتیشی: "لە ئێران و سووریا یاریزان هاتوون و بەشدارن. ئەم پاڵەوانیەتییە ٩ جەولەیە و بۆ هەر یارییەک ٧٥ خولەکی پێ دەدرێت و دواتر ٣٠ چرکە بۆ هەر جەولەیەک زیاد دەکرێت و لە ٢٢ی مانگ کۆتایی پێدێت".
یاریزانێکی بەشداربوو لە پاڵەوانیەتییەکەدا، حوسێن عەلی حوسێن تەمەن ٥٠ ساڵ و لە دایکبووی شنگال، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من ماوەی چل ساڵە یاری شەترەنج دەکەم، چەند ساڵێک پاڵەوانی عێراق بووم و ئێستاش یاریزانی عێراقم. لە ساڵی ١٩٩٢ پاڵەوانیەتیم بەدەستهێنا لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەکەم و لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیش پلەی سێیەمم بەدەستهێنا. ئێستاش وەکو یاریزان بەشداربووم".
یاریزانی ئێرانی، ئیما واحد ئەکبەری کە بەشداربووی پاڵەوانییەتییەکە بوو، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من لە کرماشانەوە هاتووم بۆ بەشداریکردنمان لە پاڵەوانیەتی یاری شەترەنج و زۆر خۆشحاڵم کە دەتوانم لەم ماوەیەدا رووبەڕووی ژمارەیەک یاریزان ببمەوە".
پاڵەوانیەتییەکە ماوەی چوار رۆژ دەخایەنێت و رۆژی یەکشەممەی داهاتوو کۆتایی بە خولی پاڵەوانییەتییەکە دێت.