Abdullah Shukur
04 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 05 شوبات 2017
واشنتۆن
وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆیی ئەمریکا بە پشتبەستن بە بڕیاری دادوەرێکی ویلایەتی واشنتۆن، رایگەیاند کە بڕیارنامەکەی سەرۆکایەتی ئەمریکا پەیوەندیدار بە قەدەغەی ھاتنی ھاووڵاتیانی حەوت وڵاتی ئیسلامی بۆ ئەمریکا ھەڵپەسێنراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆیی ئەمریکا گیلیان کریستینسیان رایگەیاند کە " گشت ئەو پەیڕەویانەی کە لەم بڕیارنامەیە سەرچاوە دەگرێت ھەڵپەسێنراوە".
لە لایەکی دیکەش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لێدوانێکی ھاوشێوەی بڵاوکردەوە.
بەپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە میدیاکانی وڵاتەکەیان راگەیاند کە گشت ئەو حوکمانەی پەیوەندیانەی بە ھەڵوەشاندنەوەی ڤیزەی ھاووڵاتیانی ئەو حەوت وڵاتە ھەیە ھەڵپەسێنراوە.
ھاوکات بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوە کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە رایگەیاند "بڕیاری وەرگرتنەوەی ڤیزەمان کشاندەوە. ئەو کەسانەی کە ڤیزەکانیان ھەڵنەوەشاوەتەوە، دەتوانن ئێستا گەشت بکەن".
دادوەرێکی شاری سیتڵی ویلایەتی واشنتۆن بە ناوی رۆبارت بڕیاری قەدەغەی پێدانی ڤیزەی لە سەرتاسەری ئەمریکای بۆ ماوەیەکی کاتی ھەڵوەشاندەوە.
ھەفتەی رابڕدوو سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بڕیاری قەدەغەی ھاتنی ھاووڵاتیانی حەوت وڵاتی ئیسلامی بۆ ئەمریکای دەرکردبوو.