Eşref Musa
17 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 18 حوزەیران 2023
گرێ سپی - AA
لە ئەنجامی هەوڵە دیپلۆماتییەکانی تورکیادا، ١٠٢ هاووڵاتیی دیکەی عێراقی کە لە ساڵی ٢٠١٤دا بۆ سووریا هەڵهاتبوون، گەڕانەوە عێراق.
بە هەماهەنگی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و وەزارەتی دەرەوەی عێراق، رێکخراوی مافی مرۆڤ و ئازادییەکانی تورکیا(İHH) و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەی پەنایان بردووەتە بەر سووریا، بەردەوامە.
لەو چوارچێوەیەشدا ١٠٢ هاووڵاتیی عێراقی کە پەنایان بردبووە بەر شارۆچکەی گرێ سپی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە باکووری سووریا، بە پاس لە رێگەیە تورکیاوە گەڕانەوە بۆ عێراق.
دایکی محەمەد یەکێک لەو هاووڵاتییانەی گەڕاوەتەوە عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە دڵخۆشە بە گەڕانەوەی بۆ زێدی باوباپیرانی و سوپاسی برا تورکەکانی و حکوومەتی عێراقی کرد بەرامبەر بە گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتەکەی.
یەکێک لە کارمەندانی بەشی پەیوەندییەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤ و ئازادییەکانی تورکیا، بەناوی تانەر ئاڵتون، باسی لەوە کرد کە لە چوارچێوەی کارە دیپلۆماتییەکانیاندا، ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەیان بەرەو زێدی خۆیان بەڕێکردووە.
کۆنسوڵی گشتیی عێراق لە غازی عەنتاب، حەسەن عەبدولواحید مەجید رایگەیاند، لە پاشخانی کارەکانی هێنانەوەی ئەو ١٠٢ هاووڵاتییە بۆ زێدی خۆیان، هاوکارییەکی چڕی نێوان حکوومەتی عێراق و تورکیا هەیە.
مەجید هەروەها سوپاسی ئەو لایەنانەی کرد کە پاڵپشتییان کردوون بۆ گەڕانەوەی هاووڵاتییەکان.
- عێراقییەکانی سووریا
لەگەڵ داگیرکارییەکانی رێکخراوی تیرۆريستی داعش بۆسەر پارێزگاکانی موسڵ، ئەنبار و سەڵاحەددین لە ساڵی ٢٠١٤دا، دەیان هەزار هاووڵاتیی عێراقی بەرەو سووریا، کۆچیان کرد.
دوای ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی، کە تورکیا لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا ئەنجامیدا، سەدان هاووڵاتیی عێراقی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رێکخراوی تیرۆريستی پەکەکە/یەپەگە لە رۆژهەڵاتی فوراتەوە پەنایان بردە بەر ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا.
پێشتریش سەدان هاووڵاتیی عێراقی لە ئەنجامی هەوڵە دیپلۆماتییەکانی تورکیادا، لە سووریاوە گەڕبوونەوە عێراق.