Kasım İleri
10 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 10 کانوونی یەکەم 2021
واشنتۆن – AA
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن)، جۆن کێربی لەبارەی کۆتایی ھاتن بە ئەرکی نێردەی جەنگی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند "ھیچ جۆرە گۆڕانکارییەک بەسەر سەربازە جێگیرکراوەکانی ئەمریکا و کەلوپەلەکاندا نایەت لە عێراق، نێردەکەیش تەنھا بە مەبەستی پێشنیار و پشتیوانی گۆڕاوە".
کێربی لەبارەی تەواوبوونی ئەرکی ھێزە جەنگاوەرەکانی سەر بە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و کۆتایی ھاتن بە دانوستانەکانی نێوان عێراق و ھێزەکانی ھاوپەیمانان ئاماژەی بەوە دا کە کۆبوونەوەکان لەگەڵ عێراق دەمێکە بەردەوامن و گوتی: "خۆی ھێزەکانی ئەمریکا ماوەیەکە زیاتر لەوەی لەو وڵاتە نێردەی جەنگی بن، بەمەبەستی پێشنیار و پشتیوانیکردن کاریان کردووە".
گوتەبێژەکەی پنتاگۆن بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە لە ئێستادا گۆڕانکارییەکی گرنگ بەسەر جێگیرکردنی ھێزەکانی ئەمریکادا نایەت لە عێراق، گوتی: "ھێشتا دوو ھەزار و ٥٠٠ سەرباز لە شوێنی خۆیانن و ژمارەکە ناگۆڕێت. جێگیری فیزیکیمان ناگۆڕێت. بەڵام بە دڵنیایییەوە ئەمە بەو واتایە نایەت کە ئەمە ھەر گۆڕانکاری بەسەردا نایەت".
کێربی بە تیشک خستنە سەر ئەوەی کە ئیدی سوپای عێراق دەتوانێت بۆ خۆی ئۆپەراسیۆن بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش ئەنجام بدات، ئاماژەی بەوە دا کە ئەمریکا لەم ئۆپەراسیۆنانە تەنھا پێشنیار بە سوپای عێراق دەدات.