Enes Canlı
06 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 12 مای,س 2022
قودس-AA
سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر پوتین، بەھۆی لێدوانهكهی وەزیری دەرەوەی وڵاتهكهی سێرگی لاڤرۆڤ، كه رایگهیاندبوو، "ھیتلەر به رهچهڵهك جوولەکە بووە"ی داوای لێبوردنی لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، نافتالی بێنێت کرد.
بەپێی ئەو روونکردنەوەیهی کە لە نووسینگەی راگهیاندنی حکوومەتی ئیسرائیلەوە بڵاوکراوەتەوە، نافتالی بێنێت و ڤلادیمیر پوتین پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە.
له روونكردنهوهكهدا ئاماژه بهوه كراوه، بێنێت لە میانی پەیوەندییەکەدا داوکارییەکی بۆ دەربازکردنی مرۆیی لە شاری ماریوپۆڵ کە لەلایەن سوپای رووسیاوە گەمارۆدراوە پێشکەش کردووە. لە بەرامبەردا پوتین رایگهیاندووه: "بەڵێنی داوه رێگهبدات نەتەوەیەکگرتووەکان و خاچی سوور، مەدەنییەکان و بریندارە مەدەنییەکان لە رێگەی رێرەوی مرۆییەوە دەربازبکەن".
ههروهها ھەردوولا تاوتوێی لێدوانهكانی لاڤرۆڤیان كردووه كه رایگهیاندبوو: "ھیتلەر بە رەچەڵەک جوولەکە بووە" و ههروهها گوتبووی: "جوولەکەکان خۆیان گەورەترین دژهجوولەکە بوون"، و بێنێت لهبارهی گوتهكانهوه رایگهیاندووه: "داوای لێبوردنی له پوتین قبوڵکردووە و سوپاسی روونکردنەوەی ھەڵوێستیانی سەبارەت بە گهلی جوولەكه و ھۆڵۆکۆست کردووە".
ھاوکات لەو راگەیەندراوەدا کە لە کۆشکی کرملینەوە سەبارەت بەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە، کە پوتین بە بۆنەی رۆژی سەربەخۆیی ئیسرائیلەوە پیرۆزبایی لە بێنێت و گەلی ئیسرائیل کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە:
"سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین ئەوەی وەبیرھێنایەوە سەدا ٤٠ی ئەو شەش ملیۆن جوولەکەیەی کە لە گەڕەکە جوولەکەنشینەکان و ئۆردوگاكان ئەشکەنجە دراون و لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکان لهلایهن نازییەکانهوه کوژراون ھاووڵاتیی یەکێتی سۆڤێت بوون، و داوای كردووه (بێنێت) ھیوای تەندروستیی باش و خۆشگوزەرانی له زاری ئهوهوه بگهیهنێنه ئهو جهنگاوهرانهی لە ئیسرائیل دەژین".
لە راگەیەندراوەکەی کۆشکی کرملیندا، ھیچ زانیارییەک سەبارەت بەوەی پوتین داوای لێبوردنی کردبێت، بڵاو نهكراوهتهوه.
- كاردانهوهی ئیسرائیل سەبارەت بە لێدوانهكانی لاڤرۆڤ
لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ كه ئاماژهی بهوه كردبوو، ھیتلەر بە رەچەڵەک جوولەکە بووە، کاردانەوەی لە بەرزترین ئاستدا له ئیسرائیل بهدوای خۆیدا هێنابوو، و باڵیۆزی رووسیا لە تەلئەبیب بانگھێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل کرابوو.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، نافتالی بێنێت، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، یایر لاپید و بەرپرسە باڵاکانی دیکە كاردانهوهیان بەرامبەر لێدوانەکانی لاڤرۆڤ نیشاندابوو.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ماریا زاخارۆڤا، لە ھەڵسەنگاندنێکیدا بۆ پەیوەندیی نێوان ھەردوو وڵات لەدوای ئەو گرژییەی کە بەھۆی لێدوانەکانی لاڤرۆڤەوە درووستببوو، رایگەیاندبوو چەکداری بەکرێگیراوی ئیسرائیلی لە کەتیبەی ئازۆڤ لە ئۆکراینا دژی رووسیا شەڕ دەکەن.
سەرۆکی ئیسرائیل، ئیسحاق ھێرزۆگ، لە میانی بەشداریکردنی لە چاوپێكهوتنێكدا لهگهڵ رۆژنامەی هائارتزی ئیسرائیلی کە دوێنێ بڵاوکرایەوە، داوایکردبوو لاڤرۆڤ لە لێدوانەکانی پاشگەزبێتەوە و داوای لێبوردن بکات.
ئیسرائیل ئازادیی ئهنجامدانی ئۆپهراسیۆنی سەربازیی لە سووریا لە بەرچاو دهگرێت و تووشی زهحمهت دهبێت لهوهی پەیوەندییەکانی لەگەڵ رووسیا، كه تهلئهبیب به وریاییهوه مامهڵهی دهكات، بپارێزێت.
سوپای ئیسرائیل بە ھەماھەنگی لەگەڵ مۆسکۆ له سووریا کە رووسیا رۆڵێکی سەربازیی چالاکی تێدا دەگێڕێت، ژمارهیهكی زۆر ھێرشی ئاسمانی و مووشەکی بۆ سەر پێگەکانی ئێران و رژێمی وڵاتهكه، ئەنجامدەدات.