Emre Gürkan Abay
24 ئاب 2023•نوێکردنەوە: 25 ئاب 2023
مۆسکۆ - AA
سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین سەرەخۆشی لە خانەوادەی ئەو کەسانە کرد کە لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە تایبەتەکە لە تڤێر گیانیان لەدەستدا و، سەبارەت بەو لێکۆڵینەوەیەی لەبارەی ڕووداوەکە دەستی پێ کردووە، گوتی: ''تا کۆتایی بەردەوام دەبێت''.
پوتین لە کرملین لەگەڵ بە ناو سەرۆکی کاتیی کۆماری گەلی دۆنێتسک، دێنیس پوشیلین کۆبووەوە.
سەبارەت بە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی ئەو فڕۆکە تایبەتەی لە ناوچەی تڤێر کەوتەخوارەوە و بەهۆیەوە دامەزرێنەری ڤاگنەر، یەڤگینی پریگۆژین گیانی لەدەستدا، پوتین ڕایاگەیاند: ''سەبارەت بەم ڕووداوی فڕۆکەیە، دەمەوێت سەرەتا سەرەخۆشی لە خێزانی هەموو قوربانیان بکەم، ئەمە هەمیشە تراژیدیایەکە، زانیارییە سەرەتاییەکان نیشانی دەدەن کە کارمەندانی ڤاگنەر لە فڕۆکەکەدا بوون''.
سەرۆکی ڕووسیا پوتین، باسی لەوە کرد کە "ڤاگنەر هاوکاری گرنگە لە بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی نیۆ-نازی لە ئۆکراینا" و گوتی: ''ئەمە دەزانین و لە یادمانە و لەبیری ناکەین''.
- ''پریگۆژین چارەنووسێکی ئاڵۆزی هەبوو، بەڵام پیاوێکی بەتوانا بوو''
سەرۆکی ڕووسیا، باسی لەوە کرد کە لە سەرەتای ساڵانی ٩٠کانەوە پریگۆژین دەناسێت و گوتی: ''چارەنووسی پریگۆژین ئاڵۆزە، بەڵام پیاوێکی بە توانا بوو. هەڵەی جددی لە ژیانیدا هەبوو''.
پوتین ئەوەیشی خستەڕوو کە پریگۆژین لە ڕووسیا و لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا ئەنجامی سەرکەوتووی بەدەستهێناوە و، گوتی: ''پیاوێکی بە توانا بوو، نەک تەنیا لە وڵاتەکەماندا، بەڵکو لە دەرەوەی وڵاتیش، بەتایبەتی لە ئەفریقا کاری کرد. سەرقاڵی نەوت و غاز و ماددە و بەردە بەنرخەکان بوو. دوێنێ لە ئەفریقاوە گەڕایەوە و لێرەدا چاوی بە چەند بەرپرسێک کەوت''.
ڤلادیمێر پوتین باسی لەوە کرد کە لێکۆڵینەوەی پێویست دەکرێت سەبارەت بە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە لە ناوچەی تڤێر و، گوتی: ''سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە، ئەم بەیانییە ڕاپۆرتی پێدام، لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لەبارەی ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی تڤێر دەستی پێ کردووە و تا کۆتایی بەردەوام دەبێت، گومانم لەوە نییە. لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبینین لێکۆڵینەوەکان چی دەڵێن، کەمێک کاتی دەوێت''.