Abdulhameed Husseın Karam
31 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 01 کانوونی دووەم 2020
ھەولێر - AA
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە کە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا بەبۆنەی ساڵی نوێ رایگەیاندووە "ساڵی تازە لە ھەموو کوردستانییان پیرۆز بێت، ھیوای ساڵێکی پڕ لە کامەرانی و سەرکەوتن بۆ ھەمووان، بۆ جیھان و مرۆڤایەتی بەگشتی دەخوازم. پیرۆزباییەکی تایبەت لە خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و لە پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەم، بەڕێز و شکۆوە یادی ھەموو ئەو ئازیزانە دەکەینەوە کە گیانی خۆیان بە کوردستان و بە ئازادی بەخشی. ھیوای سەقامگیری و چارەسەرکردنی کێشە و کۆتاییھاتنی قەیران و ئاڵۆزییەکان بۆ عێراق و ئاشتی و ئارامی بۆ ھەموو گەلی کوردستان، ناوچەکە و جیھان دەخوازم".
لە پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستاندا هاتووە "عێراق و ناوچەکە بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕن، رووداو و پێھشاتەکان کاریگەرییان لەسەر ھەرێمی کوردستانیش ھەیە. ئێمە بە یەکڕیزی و تەبایی و یەکھەڵوێستی، دەتوانین ڕووبەڕووی ھەموو ئەگەر و پێشھاتەکان ببینەوە و پێکەوە بگەینە کەناری ئارامی. لەم پێناوەدا لەگەڵ ھەموو لایەن و پێکھاتە کوردستانییەکان لە ھەوڵەکانمان بۆ یەکڕیزی و تەبایی بەردەوام دەبین. ئێمە بە ئومێد و گەشبینییەوە لە ئایندەیەکی گەشتر دەڕوانین".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاندووە "لەسەر ئاستی عێراقیش وەک ھەمیشە ھاوکار دەبین و لایەنە عێراقییەکان ھان دەدەین کە ھەمووان پێکەوە ئەرک و بەرپرسیاریەتیی ھاوبەشی خۆیان بەرامبەر بە وڵات جێبەجێ بکەن و ھەموو کێشەکان بە دیالۆگ و لێکگەیشتن لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکەن. داوا لە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش دەکەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە پشتگیری و ھاوکاریکردنی ھەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوام بن".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی ھەروەھا ئاماژەی بەوەیشداوە "کوردستانییانی خۆشەویست، ھەموو پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە کوردستان وەک ھەمیشە وڵاتی ماف و ئازادییەکان بۆ ھەمووان و لانکەی ئارامی سەقامگیری و پێکەوەژیان و لێبوردەیی و فرەیی و تەبایی و یەکترقبووڵکردن دەمێنتەوە و ھەموومان پێکەوە لەم پێناوەدا کار دەکەین و ئەو بنەما و کولتوورە جوانە دەپارێزین و بەرگرییان لێ دەکەین".