Rawan Subhi Obaiullah
21 مای,س 2026•نوێکردنەوە: 21 مای,س 2026
بۆ یەکەمجار لە پارێزگای دهۆک، فێرگەیەکی ئەسپسواریی کراوەتەوە کە نەک تەنھا خولی فێربوونی وەرزشی پێشکەش دەکات، بەڵکو بووەتە جێگەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ گەشتیارانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و ھۆکارێکە بۆ بووژانەوەی زیاتری کەرتی گەشتیاریی لە ناوچەکەدا.
خاوەنی پڕۆژەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ماوەی شەش مانگە پڕۆژەکەیان کەوتووەتە کار و، جەخت لەوە دەکاتەوە کە پلانیان وایە بەشداریی لە پێشبڕکێی گرنگەکاندا بکەن و هەوڵیش دەدەن، زۆرترین ئەسپسوارییان لە ناوچەکە هەبێت.
خاوەن و سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، حەسەن بالەتەیی، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو تیشکی خستە سەر بیرۆکە و گرنگیی پڕۆژەکەی و ڕایگەیاند: "ماوەی شەش مانگە ئێمە ئەم فێرگەیەمان لە دھۆک دامەزراندووە، ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە کە عەشق و خولیای ئەسپسواریی لە دڵی ھاووڵاتیاندا بڕوێنین و ئەم وەرزشە دێرینە زیندوو بکەینەوە، خەڵکی ناوچەکە پێشتر فێرگەیەکی لەم شێوەیەیان نەبوو بۆ ئەوەی لە نزیکەوە خۆیان فێری ئەسپسواریی بکەن، بەڵکو تەنھا لە ڕێگەی تەلەڤيزیۆن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دیمەنی ئەسپسواریی دەبینی و لەمەودوا پەرە بە فێربوونی ئەسپسواریی دەدەین".
بالەتەیی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە پێشوازیی خەڵک کرد و گوتی: "سەرەتا زۆربەی ئەو گەنجانەی دەھاتن، تەنھا مەبەستیان وێنەگرتن بوو لەگەڵ ئەسپەکاندا، بەڵام دوای ئەوەی چێژی سواربوونیان چەشت، خولیایان بۆی دروستبوو، ئێستا بە بەردەوامی سەردانمان دەکەنەوە، ئێمە لە فێرگەکەماندا، ھەم خولی فێربوونی ئەسپسوارییمان لەژێر سەرپەرشتیی ڕاھێنەری شارەزادا ھەیە و ھەم ڕۆژانە گەشتی تایبەت بە ئەسپسواریی بۆ ناو سروشتە دڵڕفێنەکەی دھۆک ڕێکدەخەین".
سەبارەت بە پلانەکانییان بۆ داهاتوو، حەسەن بالەتەیی ئاشکرایکرد کە دەیانەوێت پڕۆژەکەیان ئاستێکی نیشتمانی بەخۆوە ببینێت و گوتی: "لە ئێستادا زیاتر لە ٥٠ ئەسپی جۆراوجۆرمان لە فێرگەکەدا ھەیە، پلانێکی پتەومان داناوە بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا پڕۆژەکە بەرفراوانتر بکەین، چاوەڕوانی و ئامانجی داھاتوومان ئەوەیە کە پەرە بە توانای ئەسپسوارەکانمان بدەین تا بتوانین وەک نوێنەری ناوچەکە بەشداریی لە پێشبڕکێیەکانی ئەسپسوارییدا بکەین لەسەر ئاستی عێراق".
ئەم فێرگەیە تەنھا سوودێکی وەرزشی نییە، بەڵکو ڕەھەندێکی گەشتیاریی گرنگی گرتووەتە خۆ و بووەتە وێستگەیەکی سەرەکی بۆ ئەو گرووپە گەشتیارییانەی لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن.
هاوکات سەرپەرشتیاری گرووپێکی گەشتیاریی داوا لە گەشتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێڕاق دەکات کە سەردانی دهۆک بکەن و چێژ لە پڕۆژەکە وەربگرن.
مقتدر سەعد، کە سەرپەرشتیاری گرووپێکی گەشتیارییە و لە پارێزگای بەسڕەوە ھاتووە، لە کاتی بەسەرکردنەوەی فێرگەکەدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە لە ئێستادا لەگەڵ گرووپێکی ٢٠ کەسیی لە پارێزگای دھۆکین، گەشتیارەکانمان لە بەغدا، بەسڕە، کەرکووک و چەندین شاری دیکەی عێراقەوە ھاتوون، وەرزشی ئەسپسواریی لە ھەموو وڵاتانی جیھاندا بایەخی پێدەدرێت، تاقیکردنەوەی ئەم وەرزشە لەناو سروشتی شاخاوی و جوانی ئێرەدا، چێژێکی زیاتر بە گەشتەکەمان دەبەخشێت".
سەعد لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەسەر کاریگەریی پڕۆژەکە کردەوە و گوتی: "بێگومان بوونی فێرگەیەکی لەم شێوەیە دەبێتە ھۆی زیاترکردنی جموجۆڵی گەشتیاریی لە دھۆک، من ھانی ھەموو ئەو گەشتیارانە دەدەم کە سەردانی پارێزگای دھۆک بکەن و، بە ھیچ شێوەیەک ئەزموونی ئەسپسواریی لەم سروشتە جوانەدا لەدەست نەدەن".