Ömer Tuğrul Çam
14 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 15 تشرینی دووەم 2022
بڕۆکسل – AA
یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ بۆ تەقینەوەکەی دوێنێ لە ئیستانبوڵ کە گیانلەدەستدانی شەش کەسی لێ کەوتەوە، پەیامی هاوخەمیی خۆیان ئاراستەی تورکیا کرد.
سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا، چارڵز میشێل لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی رایگەیاند کە هەواڵی تۆقێنەریان لەبارەی ئیستانبوڵەوە بە دەست گەیشتووە.
میشێل پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییانی پەلامارەکە کردووە، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە ئەوان لەگەڵ گەلی تورکدان.
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتێنبێرگ-یش بە ئاماژەدان بەوەی کە دیمەنی شۆکهێنەری ئیستانبوڵ-یان بینیوون، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی گەلی تورک کردووە.
ستۆڵتێنبێرگ جەختیشی لەسەر بەردەوامیدان بە هەماهەنگییەکانی ناتۆ کردووە لەگەڵ تورکیای هاوپەیمان.
ئەندام لە بازنەی کاروباری فراوانبوونی یەکێتیی ئەورووپا لە کۆمیسیۆنی یەکێتییی ئەورووپا، ئۆلیڤەر ڤارهێڵی دوای ئەنجامدانی پەلامارەکە پشتیوانی خۆیانی بۆ گەلی تورک دەربڕی، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییەکان کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەیشی بۆ برینداربووان خواست.