Hakan Çopur
03 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 04 نیسان 2021
واشنتۆن - AA
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلیەکەی، گابی ئاشکەنازی، باسی لەوە کرد کە پێویستە ئیسرائیلی و فەڵەستینیەکان تا پلەی یەکسانی ببنە خاوەنی ئازادی، ئارامی، خۆشگوزەرانی و دیموکراسی.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس، راگەیەندراوێکی سەبارەت بە پەیوەندی تەلەفۆنی بلینکن و ئاشکەنازی بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، هەردوو وەزیر لە پاڵ پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و بابەتە هەرێمییەکاندا، تاوتوێی هاوکارییە مرۆییەکانی ئەمریکا بۆ فەڵەستین و پرۆسەکانی ئاساییکردنەوە لە نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی و موسڵمان کراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە ''وەزیر بلینکن جەختی لەسەر باوەڕی حکوومەتەکەی بایدن کردووەتەوە کە پێویستە ئیسرائیلی و فەڵەستینیەکان تا پلەی یەکسانی ببنە خاوەنی ئازادی، ئارامی، خۆشگوزەرانی و دیموکراسی'' و سەرلەنوێ بە بەهێزترین شێوە جەختی لەسەر پابەندبوونی ئەمریکا کردووەتەوە سەبارەت بە ئاسایشی ئیسرائیل.
حکوومەتەکەی بایدن، دووبارە هاوکارییەکانی فەڵەستینی چالاک کردەوە کە لە سەردەمی دۆناڵد ترەمدا هەڵپەسێردرابوون و ئاماژەی بەوە کردبوو کە هەوڵ دەدات لەپێناو چارەسەری دوو دەوڵەتدا.