Berk Özkan
18 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 19 تشرینی دووەم 2021
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆکی ئیسرائیل، ئیسحاق هێرزۆگ ئەنجام دا.
بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، پەیوەندییەکانی تورکیا-ئیسرائیل و بابەتە هەرێمییەکان تاوتوێ کراون.
سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە پەیوەندییەکانی تورکیا-ئیسرائیل گرنگە لە رووی ئاسایش و سەقامگیری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باسی لەوەیش کرد کە ئەگەر بە لێکتێگەیشتن بابەتە دووقۆڵیی و هەرێمییەکان تاوتوێ کران، ئەوا دەکرێت جیاوازی بۆچوونەکان بچووک بکرێنەوە.
ئەردۆغان جەختی کردەوە لەسەر دووبارە بەرقەرارکردنەوەی کولتووری ئاشتیی، خۆڕاگری و پێکەوەژیان لە ناوچەکەدا، هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە لەو رووەوە دەکرێت پەیوەندییەکانی فەڵەستین-ئیسرائیل پەرەی پێ بدرێت و پرۆسەی ئاشتیی سەرلەنوێ دەست پێ بکرێتەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها باسی لەوە کرد کە بەردەوامی دیدار و دیالۆگی نێوان تورکیا و ئیسرائیل بەرژەوەندی هاوبەشی هەیە.
- راگەیەندراوی ئیسرائیل
بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی ئیسرائیل، سەرۆکی ئەو وڵاتە، ئیسحاق هێرزۆگ پەیوەندی کردووە بە سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە پەیوەندییەکە لە کەشێکی ئەرێنییدا ئەنجامدرا و جەخت لەسەر گرنگیی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل کراوەتەوە لە رووی ئاشتیی، سەقامگیریی و ئاسایش لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.
هێرزۆگ خۆشحاڵی خۆی نیشانداوە بە دیالۆگی گشتگیریی تورکیا و ئیسرائیل لە بابەتە دووقۆڵی و هەرێمییەکاندا.
هەردوو سەرکردە هاوڕابوون لەبارەی درێژەدان بە پەیوەندییەکان.