Ahmed Satti
19 حوزەیران 2024•نوێکردنەوە: 20 حوزەیران 2024
نجامێنا - AA
لە نجامێنای پایتەختی چاد، تەقینەوەیەکی گەورە ڕوویدا.
شایەتحاڵەکانی ڕووداوەکە بە ئاژانسی ئانادۆڵویان ڕاگەیاند کە لە نزیک فڕۆکەخانەی نجامێنا دەنگی تەقینەوە بیستراوە.
وەزیری دەرەوەی چاد، عەبدەڕەحمان کولامالا لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەدا کە لە کۆگایەکی سەربازییدا لە ناوچەی گۆیدیجی لە نجامێنای پایتەخت ئاگرکەوتووەتەوە.
کولامالا داوای لە خەڵکی کرد ئارام بن، بەڵام زانیاری زیاتری لە بارەی تەقینەوەکە نەخستەڕوو.
سەرکۆماری وڵاتەکە، محەمەد ئیدریس دیبی ئیتنۆ لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند: "لەو ئاگرەی لە کۆگای یەدەگی تەقەمەنی کەمپی ستراتیجی ڕوویدا زیانی گیانیی و ماددی کەوتووەتەوە".
ئیتنۆ ئەوەیشی خستەڕوو کە لێکۆڵینەوە بۆ دیاریکردنی هۆکاری ڕووداوەکە دەستیپێکردووە.