Dmitri Chirciu
24 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 25 حوزەیران 2023
مۆسکۆ - AA
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین جەختی لەوە کردەوە کە هەنگاوەکانی گرووپی ڤاگنەر "یاخیبوونی چەکداریی"ە و رایگەیاند: "تەواوی ئەو تاوانبارانە سزا دەدەین کە هەوڵی یاخیبوونی چەکداریی دەدەن، ئەمە رێکدەخەن، هەڕەشە دەکەن و پەنا بۆ شێوازی تیرۆر دەبەن".
بەهۆی قەیرانی ڤاگنەرەوە کە کۆمپانیایەکی ئەمنیی رووسییە لە وڵاتەکەیدا، پوتین گوتارێکی پێشکەش بە گەلەکەی کرد.
پوتین باسی لەوە کرد کە بە درێژایی شەو قەیرانی ڤاگنەری لەگەڵ فەرماندەکان تاوتوێ کردووە و، ئاماژەی بەوە کرد کە جەنگاوەرانی ڤاگنەر بە درۆ خراونەتە ناو تاوانکاری و یاخیبوونی چەکدارییەوە.
ڤلادیمیر پوتین جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە رووسیا خەباتێکی زۆر قورسی کردووە لە پێناو داهاتووی خۆی و، گوتی: "هەموو سەرباز و ئابووریی و زانیاریی رۆژئاوا لە دژمانە، خەبات دەکەین و تێدەکۆشین لە پێناو ژیانی گەلەکەمان و ئاسایشیدا، سەروەری و سەربەخۆییمان، لە پێناو رووسیا کە خاوەنی مێژوویەکی هەزار ساڵەیە و مانەوەیدا. ئەم خەباتە کە چارەنووسی گەلەکەمان تێدا دیاریکراوە، پێویستی بە یەکڕیزی و یەکگرتن و بەرپرسیارێتی هێزمان هەیە. پێویستە ململانێکان وەلانێین کە ئێمەیان لاواز کردووە. دوژمنە دەرەکییەکانمان ئەمانە بەکاردەهێنن بۆ دابەشکردنی ناوخۆییمان".
سەرۆکی رووسیا، قەیرانی ڤاگنەری بە "هەوڵدان بۆ دابەشکردنی کۆمەڵگا" و "خەنجەردان لە پشتی گەل" ناوبرد و، رایگەیاند: "لەبەر ئەوە ئەم کارانە کە یەکڕیزیمان بەشدەکەن، دەستبەرداربوونە لە خەڵک و هەڤاڵانی سەرباز کە لە بەرەی پێشەوەی دەجەنگن. ئەوە خەنجەردانە لە پشتی وڵات و گەلەکەمان".
پوتین باسی لەوە کرد کە وڵاتەکەی هاوشێوەی ١٩١٧ و لە میانی جەنگی جیهانیی یەکەمدا لێیدراوە و لەم جەنگەدا سەرکەوتن لە رووسیا زەوت کراوە.
هەروەها پوتین رایگەیاند: "فیتنە و چاوتێبڕینە سیاسییەکانی پشت سوپا و گەل، بووە هۆی گەورەترین شۆک و رووخانی سوپا و دەوڵەت و لەدەستدانی خاکێکی فراوان و کارەساتی شەڕی ناوخۆیی. رووس رووسی دەکوشت، برا برای دەکوشت. سەرکەشە سیاسی جۆراوجۆرەکان و هێزە دەرەکییەکان کە وڵاتیان دابەش دەکرد و پارچە پارچەیان دەکرد بەرژەوەندی خۆپەرستیان هەبوو. رێگە بە دووبارە دابەشبوونەوەی رووسیا نادەین. گەلەکەمان لە ناپاکی ناوخۆیی دەپارێزین. ئەوەی ئەمڕۆ رووبەڕوومان بووەتەوە ناپاکییە. چاوتێبڕین و بەرژەوەندی خۆپەرستی لە رادەبەدەر بووە هۆی ناپاکی لە گەل و نیشتمان".
سەرۆکی رووسیا پوتین، کردەکەی ڤاگنەری بە "یاخیبوونی چەکداریی" ناوبرد و رایگەیاند: ئەوانەی هەوڵی رێکخستنی یاخیبوونەکە دەدەن و وڵاتیان بەرە ئاژاوە و براکوژی و دواجاریش شکست و خۆرادەستکردن راکێشا، خیانەتیان لەو جەنگاوەرانی ڤاگنەریش کرد کە شانبەشانیان شەڕیان کرد و گیانیان سپارد".
راشیگەیاند: "هەر ئاژاوەیەکی ناوخۆیی، ناپاکییەکی کوشندەیە بۆ ئێمە لە رووی دەوڵەت و نەتەوەکەمانەوە. ئەمە بە واتای لێدان دێت لە رووسیا و گەلەکەمان. کاردانەوەمان بۆ پاراستنی نیشتمانەکەمان دژ بە هەڕەشەیەکی لەم شێوەیە توند دەبێت. تەواوی ئەو تاوانبارانەی هەوڵی یاخیبوونی چەکداریی دەدەن، ئەمە رێکدەخەن، هەڕەشە دەکەن و پانە بۆ شێوازی تیرۆر دەبەن سزادەدرێن. لە بەردەم یاسا و گەلەکەماندا لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت".
پوتین جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە فەرمانی پێویستی بە سوپا و دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەت کردووە لەو بارەیەوە و، لە شاری مۆسکۆ و هەندێک ناوچەی دیکەدا بە ناوچەی مۆسکۆشەوە رێوشوێنی زیاتر دژ بە تیرۆر گیراوەتەبەر.
ڤلادیمێر پوتین ئەوەیشی خستەڕوو کە دۆخی شاری رۆستۆڤ-نا-دۆنو سەختە و رێگریی دەکرێت لە چالاکییەکانی مەدەنی و ئیدارەی سەربازیی و، پێداگرن لە فەراهەمکردنی سەقامگیریی بۆ شارەکە.
هاوکات پوتین باسی لەوە کرد کە وەک دەوڵەت ئەوەی لەدەستیان بێت ئەنجامی دەدەن بۆ پاراستنی شیرازەی دەستوور و دەستەبەرکردنی ئاسایشی هاووڵاتییان و گوتی: "رێکخستنی یاخیبوونی سەربازیی و ئامادەکاریی بۆی، بەرزکردنەوەی چەک دژ بە هاووڕێیانیان ناپاکییە بەرامبەر رووسیا. ئەوانە لێپرسینەوەی ئەمەیان لەگەڵ دەکرێت. داوا لەو کەسانە دەکەم کە پەلکێش دەکرێن بۆ ناو ئەم تاوانە، هەڵەیەکی گەورە و کارەساتبار و کوشندە نەکەن و واز لە بەشداریکردن لە کردەوە تاوانکارییەکان بهێنن. لەو باوەڕەدام ئەوانە دەپارێزین کە بەلامانەوە بەهادار و پیرۆزن و بەرگرییان لێدەکەین و لەگەڵ نیشتمانەکەماندا بەسەر هەموو سەختییەکاندا سەردەکەوین و بەهێزتر دەبین".