Nazlı Yüzbaşıoğlu
27 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 28 ئاب 2022
ئەنقەرە - AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، تانژو بیلگیچ ئاماژەی بەوە کرد لێدوانەکانی سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن لە میانی سەردانەکەیدا بۆ جەزائیر جێگەی قبوڵ نین کە وڵاتانی تۆمەتبار کرد لەوانەش تورکیا، بۆ رزگارکردنی وڵاتەکەی لە رابردووی کۆلۆنیالیزم و، رایگەیاند: ''هیوادارین لە ماوەیەکی کەمدا فەڕەنسا بگاتە ئەو ئاستەی بەبێ تۆمەتبارکردنی وڵاتانی دیکە لە ناویشیاندا وڵاتەکەمان، لەگەڵ رابردووی کۆلۆنیالیزمی خۆیدا رووبەڕوو ببێتەوە''.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو پرسەی ئاڕاستەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کرابوو، بیلگیچ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و، ئاماژەی بەوە کرد کە زۆر بە داخەوەن بۆ لێدوانەکانی ماکرۆن بۆ کردنە ئامانجی تورکیا و وڵاتانی دیکە.
بیلگیچ رایگەیاند: ''سەرکۆماری فەڕەنسا، ماکرۆن کە ناڕەحەت دەبێت لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ رابردووی کۆلۆنیازمی وڵاتەکەی لە ئەفریقا بەتایبەتیش جەزائیر، بە ئاراستەکردنی تۆمەت بۆ وڵاتانی دیکە لە ناویشیاندا وڵاتەکەمان، هەوڵ دەدات خۆی لە رابردووی کۆلۆنیالیزمی رزگار بکات، کە ئەوەش جێگەی قبوڵ نییە''.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە تورکیا کە لەناو هاوبەشانی ستراتیجی یەکێتیی ئەفریقادایە و هانی دۆستایەتی دەدات نەک دوژمنایەتی، رۆژ لە دوای رۆژ پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکە هەم جەزائیر هەمیش کیشوەری ئەفریقا فراوانتر دەبێت و، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتانە کە لەسەر بنەمای متمانە و پەیوەندی سوود بە سوود بنیات نراوە، بە پێوەری رێزگرتنی ئیرادهی وڵاتان لە بەرەوپێشچووندان.
راشیگەیاند: ''ئەگەر فەڕەنسا پێیوایە لە کیشوەری ئەفریقادا کاردانەوە هەیە دژبە خۆی، ئەوا سەرچاوەی ئەو کاردانەوانە لە رابردووی کۆلۆنیالیزمی خۆیدایە و پێویستە لە کارەکانیدا بەدوایدا بگەڕێت کە بە شێوازی جیاواز هێشتا درێژەیان پێ دەدات و دەبێت چاکیان بکات. لەبری رووبەڕووبوونەوەی کێشەکانی لەبارەی رابردووی خۆی و چارەسەرکردنیان، بانگەشەکردن بۆ ئەوەی کە ئەو کاردانەوانە بەهۆی چالاکی وڵاتانی سێیەمەوە سەریانهەڵداوە، نەک تەنیا هەر نکۆڵی لە دیاردە و مێژوویەکی کۆمەڵناسی دەکات، بەڵکو رەنگدانەوەی عەقڵیەتی شێواوی هەندێک لە سیاسەتمەدارەکانی نیشان دەدات''.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند: ''هیوادارین لە ماوەیەکی کەمدا فەڕەنسا بگاتە ئەو ئاستەی بەبێ تۆمەتبارکردنی وڵاتانی دیکە لە ناویشیاندا وڵاتەکەمان، لەگەڵ رابردووی کۆلۆنیالیزمی خۆیدا رووبەڕوو ببێتەوە''.
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن لە میانی سەردانەکەیدا بۆ گۆڕستانی مەسیحی و جووەکان لە سانت-یوجین لە جەزائیر، بۆ رۆژنامەنووسان دوا و، بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە ئەو تۆڕانەی سەرچاوەکانیان رووسیا و چین و هەروەها تورکیان لە ئەفریقا دوژمنایەتی فەڕەنسا دەکەن و پروپاگەندە دژ بە فەڕەنسا بڵاودەکەنەوە.