Mehmet Nuri Uçar,Hosni Nedim
21 تەمووز 2024•نوێکردنەوە: 23 تەمووز 2024
غەززە - AA
لە ئاکامی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە ڕۆژنامەنووسێک و چوار کەسی دیکە گیانیان لەدەستدا کە منداڵیشیان لەنێودایە.
نەخۆشخانەی عەودە لە غەززە، لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر کەمپی پەنابەرانی نوسەیرات و، بەهۆیەوە ڕۆژنامەنووس موعتەسەم غەراب و چوار کەسی دیکە گیانیان لەدەستداوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومەت لە غەززە، ڕاگەیاندراوێکی لە بارەی ئاماری ئەو ڕۆژنامەنووسانە بڵاوکردەوە کە لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا لە کەرتی غەززە کوژراون.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کە لە ڕۆژی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە دەستیپێکردووە کوژراون، بەرزبووەتەوە بۆ ١٦٢ ڕۆژنامەنووس.
نووسینگەکە پێشتر لە ڕاگەیاندراوێکدا تیشکی خستبووە سەر ئەوەی کە بەمەبەستی بێدەنگ کردنی دەنگی فەڵەستین، شاردنەوەی ڕاستییەکان، ڕێگریی کردن لە گەیشتنی هەواڵ و زانیارییەکان بە ڕای گشتیی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی، بە ئەنقەست ڕۆژنامەنووسان لە غەززە دەکاتە ئامانج و دەیانکوژێت.