Bayram Altuğ,Muhammet Ali Kemal
02 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 03 ئادار 2017
جنێڤ- AA
لە 7ەمین رۆژی کۆبوونەوەکانی جنێڤدا، دوای ئەوەی نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سووریا، ستافان دی میستورا، بۆ جاری دووەم لەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆندا کۆبوویەوە، ئاشکرایکرد خۆشحاڵە بەو ئاستەی دانوستانەکانی پێگەیشتووە و رایگەیاند ''ئەمڕۆ رۆژێکی گرنگ دەبێت''.
ستافان دی میستورا درەنگانێکی شەوی رابردوو، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو سەردانی ئەو هۆتێلەی کرد کە نوێنەرانی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی تێدا دەمێننەوە.
دوای زیاتر لە دوو کاتژمێر کۆبوونەوە لەگەڵ شاندێکی ئۆپۆزسیۆن بەسەرۆکایەتی ناسر حەریری، دی میستورا روونکردنەوەیەکی کورتی دا و رایگەیاند ''کۆبوونەوەیەکی بەسوودمان ئەنجامدا. دەرفەتی ئەوەمان هەبوو کە هەموو بابەتەکان بە چڕ و پڕی تاوتوێ بکەین. ئەمڕۆ رۆژێکی گرنگ دەبێت''.
نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سووریا پەسنی هەڵوێست و شێوازی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆندا لە تاتوێکردنی بابەتەکاندا کرد و جەختی لەوەکردەوە ئەمە خاڵێکی گرنگە لەلای نەتەوەیەکگرتووەکان.
چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ، ستافان دی میستورا لەگەڵ شاندێکی رژێمی سووریا بەسەرۆکایەتی بەشار جەعفەری، کۆبێتەوە.
لە 7ەمین رۆژی کۆبوونەوە و دانوستانەکاندا دی میستورا لە ئۆفیسی جنێڤی نەتەوەیەکگرتووەکان، بەجیا لەگەڵ هەریەک لە شاندەکانی نوێنەری ئۆپۆزسیۆن و رژێم کۆببوویەوە.
لەدوای کۆبوونەوەکانیش شاندی رژێم هیچ روونکردنەوەیەکیان نەدابوو، بەڵام ناسر حەریری بەناوی ئۆپۆزسیۆنەوە، ئاماژەی بەوەکردبوو بەپێی ئەو زانیارییانەی لە نەتەوەیەکگرتووەکانەوە پێیان دراوە، رژێمی سووریا رەزامەنی دەربڕیوە لەسەر تاوتوێکردنی بابەتی حکوومەتی راگوزەر.
لەدوای کۆبوونەوەکانی ئۆفیسی جنێڤی نەتەوەیەکگرتووەکان، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، گێنادی گاتیلۆڤ، لەگەڵ شاندی ئۆپۆزسیۆندا کۆببوویەوە.
شادنی ئۆپۆزسیۆن داوای لە رووسیا کردبوو ئەو بەرپرسیارێتییانە جێبەجێبکات کە سەبارەت بە ئاگربەست لە سووریا دەکەوێتە ئەستۆی و لای خۆیشییەوە گێنادی گاتیلۆڤ ئاشکرایکردبوو کە بەردەوامیی کۆبوونەوەکان بەندە بەو کۆبوونەوەیەی کە بڕیارە لە ئاستانا ئەنجامبدرێت.
کۆبوونەوەکانی جنێڤ 4 رۆژی 23ی شوبات بەسەرپەرشتی نەتەوەیکگرتووەکان دەستیان پێکرد.