Heman Hussein Yaseen
19 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 20 شوبات 2020
هەولێر - AA
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لەگەڵ پاپای ڤاتیکان، پاپا فرەنسیس لە ڤاتیکان کۆبووەوە.
بەپێی هەواڵێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە و رەوشی بەیەکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و بارودۆخی کریستیانەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە کە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سوپاسی پاپای ڤاتیکانی کردووە، لەبەرامبەر پەیام و ئامۆژگارییەکانی بۆ قوڵکردنەوەی گیانی ئاشتیخوازی و لێبوردن و بەیەکەوەژیان لەنێوان گەلان و پێکھاتە جیاوازەکانی جیھان و عێراق و ناوچەکە.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پوختەیەکی دەربارەی دۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستان، بە تایبەت لە رووی بەیەکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی کە ھەمووان بەئارامی و تەبایی دەژین و مومارەسەی مافە مرۆیی و ئایینی و کولتوورییەکانیان دەکەن، ئەمەش بەلای حکوومەتی ھەرێم، ھەمیشە جێگەی بایەخ بووە. ھەروەک پەناگەیەکی ئارامیش بووە بۆ سەدان ھەزار ئاوارە و پەنابەر کە بەھۆی توندوتیژی و بارودۆخی ناوچە جیاوازەکانی عێراق و سووریا روویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە.
ئەوەش ئاشکرا کراوە کە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بانگھێشتی پاپای کردووە بۆ ئەوەی سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات.
لە بەرامبەردا پاپای ڤاتیکان ستایشی رۆڵی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ھەرێمی کردووە، لەو کەشە ئارامەی بۆ تەواوی پێکھاتە ئایینی و نەتەوەیییەکان رەخساندوویانە و شوێنی ئەو ئەو ھەموو ئاوارە و پەنابەرەیان کردۆتەوە و خزمەتگوزاریی پێویستیان بۆ دەستەبەرکردوون.
لە کۆبوونەوەکەدا، پاپای ڤاتیکان سوپاسی ھەڵوێستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی کردووە کە ھەمیشە بە تەنگ پێکەوەژیان و ئاشتی و تەباییەوەیەوە بووە، لە رووبەڕووبوونەوەی گوتاری توندڕۆیی و شەڕی تیرۆریش لە عێراق و ناوچەکەدا، کاریگەرییەکی زۆری ھەبووە و بۆ مرۆڤایەتی و ئازادی پێکھاتەکان و پارێزگاریکردن لە ماف و کەرامەتیان، قوربانی زۆری داوە.
جەختیش لەوە کراوەتەوە کە مەسیحییەکانی هەرێمی کوردستان، جێگە و پێگەیان لە ھەموو رووێکەوە پارێزراوە، ئەوەش خراوەتەڕوو کە ھەرێمی کوردستان نەک تەنھا بۆ مەسیحییەکانی کوردستان، بەڵکو بۆ مەسیحییەکانی تەواوی عێراق، ھەرێمێکی ئارام بووە وبە ئاسوودەیی دەژین و نموونەیەکی جوانی بەیەکەوەژیانە.
شاندەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە یاوەری سەرۆکی حکوومەت بوون بریتی بوون لە وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی پشتیوان سادق، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن ئانۆ جەوھەر و وەزیری ھەرێم، خالید شوانی.