Dildar Baykan Atalay
25 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 25 ئاب 2022
واشنتۆن – AA
بەڕێوەبەری پەیوەندییە ستراتیجییەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی، جۆن کێربی رایگەیاند پلانی رووسیا بۆ "لکاندن"ی هەندێک ناوچەی ئۆکراینا بەردەوامە و لە چەندین ناوچەدا کە خارکێڤ لە سەروویانەوەیە ئامادەکاریی بۆ "راپرسی ساختە" دەکات.
کێربی لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لەگەڵ رۆژنامەوانانی کۆشکی سپی لەرێگەی زوومەوە، هەڵسەنگاندنی بۆ رۆژەڤی سیاسەتی دەرەوە کرد و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
جۆن کێربی ئاماژەی بەوە کرد کە رووسیا بەردەوامە لە "پلانی لکاندن"ی هەندێک لە خاکی ئۆکراینا و گوتی: "ئەوەمان زانی کە حکوومەتی رووسیا بە تایبەتی لە خارکێڤ فەرمانی ئەنجامدانی راپرسییەکی ساختەی کردووە. ئامادەکارییەکانی ئەم راپرسییانە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوو یان لە ناو هەفتەدا دەستپێدەکات. پێش کۆتایی هەفتە راگەیاندنی رووسیا لەسەر ئەم پرسە دەبیستین".
بەڕێوەبەری پەیوەندییە ستراتیجییەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی هاوڕان لەسەر بابەتی قبووڵ نەکردنی لکاندنی هیچ خاکێکی ئۆکراینا و گوتی "پێشبینی ئەوە دەکەین کە رووسیا هەوڵ بدات دەستکاری ئەنجامی راپرسییەکە بکات و ئەو درۆیە بڵاوبکاتەوە کە گەلی ئۆکراینا دەیانەوێت بچنە پاڵ رووسیا. زۆر گرنگە بەشێوەیەکی خێرا لە بەرامبەر ئەم هەواڵە نادرووستانە بوەستینەوە. هەر راگەیەندراوێک سەبارەت بەوەی کە گەلی ئۆکراینا دەیانەوێت ببن بە بەشێک لە رووسیا بە هەموو شێوەیەک راست نییە. گەلی ئۆکراینا لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا زۆر بە روونی دژایەتی خۆیان بۆ رووسیا نیشاندا".