Ata Ufuk Şeker
23 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 24 شوبات 2023
بڕۆکسل - AA
کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، فەرمانی سڕینەوەی ئەپڵیکەیشنی تیک تۆک-ی بە کارمەندانی کرد.
بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی پۆلیتیکۆ، کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا کە وەک ئەندامی بەڕێوەبردنی یەکێتییەکە چالاکی ئەنجام دەدات، بەهۆکاری ئەمنی بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیک تۆک-ی لە کارمەندانی قەدەغە کردووە.
لەم چوارچێوەیەشدا لە بەیانی ئەمڕۆوە، فەرمان بە سەرجەم کارمەندانی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا کراوە ئەو ئەپڵیکەیشنە لە تەلەفۆنە تایبەتییەکان و تەلەفۆنی دامەزراوەکانیاندا بسڕنەوە.
چاوەڕێش دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا، دامەزاوەکانی دیکەی یەکێتییەکە وەک ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا و پەرلەمانی ئەورووپا، هەنگاوی لەوشێوەیە بگرنەبەر.
تۆڕی کۆمەڵایەتی تیک تۆک کە سەربە کۆمپانیایەکی تەکنەلۆجی چینە لە بەشێک لە وڵاتانی جیهاندا مەترسی ئەمنی دروست کردووە.
بەمهۆیەوە پێشتریش لە ئەمریکا، بەکارهێنانی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە لە تەلەفۆنەکانی تایبەت بە خزمەتی فەرمی، قەدەغە کرا.