Said İbicioğlu
29 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2021
کوێت - AA
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای کوێت بڵاویکردەوە کە لەسەر سنوور لەگەڵ عێراق، مووشەکی جۆری کاتیوشا کەوتووەتەخوارەوە.
بەپێی راگەیەندراوێک کە لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای کوێت-دا بڵاوکراوەتەوە، سوپای کوێت و یەکەکانی سەربە وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە لە ناوچەی سنوور لەگەڵ عێراق هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینیان ئەنجامداوە.
لە میانی هەڵمەتەکەدا، مووشەکێکی جۆری کاتیوشا لە ناوچەی سنوور کەوتووەتەخوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانیی و ماددی لێنەکەوتووە و رەوشی سنوور ئاساییە.
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای کوێت، ئەو هەواڵانەی بەدرۆخستەوە کە باس لەوە دەکەن بەیانی دوێنێ، سێ مووشەک ناوچەکانی دەورووبەری بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکایان لە خاکی کوێت-دا، کردووەتە ئامانج.
لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە هێرش دەکرێتە سەر ئامانجەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بانگەشەی ئەو دەکرێت کە گرووپە میلیشیاکانی سەربە ئێران لە پشت ئەو هێرشانەوەن.