Said İbicioğlu
29 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2021
کەرتی غەززە - AA
ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی کردە سەر ئامانجێکی سەربە لیواکانی عیزەددین قەسام باڵی سەربازیی حەماس لە كەرتی غەززەی گەمارۆدراو.
بەپێی ئەو زانیاریەی ئاژانسی ئانادۆڵو لە گەواهیدەرانەوە دەستی کەوتووە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، خاڵێکی سەربە لیواکانی عیزەددین قەسام-یان لە ناوەڕاست و کێڵگەیەکیان لە باکووری کەرتەکە بۆردومان کردووە.
لە کاتێکدا لایەنە پەیوەندیدارەکانی فەڵەستین هێشتا روونکردنەوەیان نەداوە لەوەی هێرشەکە قوربانی لێکەوتووەتەوە یان نا، سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویکردووەتەوە، باسی لەوە کردووە كە لە بەرامبەر ناردنی باڵۆنی ئاگرینی لە کەرتی غەززەوە بۆسەر ئیسرائیل، ناوەندێکی مەشق و راهێنانی حەماس و شوێنکارێکی دروستکردنی چەک کراوەتە ئامانج.
وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین رایگەیاند کە ئێوارەی دوێنێ، بەهۆی هێرشی سەربازانی ئیسرائیلەوە بۆسەر ئەو فەڵەستینییانەی گەمارۆی سەر کەرتی غەززەیان ئیدانە دەکرد، ١١ کەس برینداربوون.
کەرتی غەززە کە دانیشتوانەکەی نزیکەی دوو ملیۆن ١٠٠ هەزار کەس دەبێت لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە تا ئێستا لە وشکانی، دەریا و ئاسمانەوە گەمارۆدراوە.