فرانکفورت
بەپێی ئامارە رەسمییەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاماری ئەڵمانیا، لە چوارچێوەی پڕۆژە یاسای گەیاندنی ھاوکاری بۆ ئەو پەنابەرانەی داوای مافی پەنابەری لە ئەڵمانیا دەکەن، کە ساڵی رابردوو ئامادەکراوە، رێژەی ئەو ھاوکارییانەی پێشکەشی پەنابەران دەکرێن زیادیکردووە.
ساڵی رابردوو ٢٢٥ ھەزار پەنابەر کە بە شێوەیەکی جیاجیا داوای مافی پەنابەرییان لە ئەڵمانیا کردووە، بە شێوەیەکی ستاندارد ھاوکاری کراون و رێژەی ئەو پەنابەرانەی کە بۆ سوودوەرگرتن لە ھاوکارییەکان ناویان تۆمارکردووە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتر، ٣٦% زیادیکردووە و پەنابەرە ئاسیایی و ئەوروپییەکان زیاتر لە پەنابەرانی دیکە سوودیان لەو ھاوکارییانە وەرگرتووە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو ئامارانەدا باسی ئەوەکراوە کە رێژەی ئەو پەنابەرانەی لە وڵاتانی ئاسیایی داوای پەنابەرییان لە ئەڵمانیا کردووە، ٤١% و رێژەی ئەو ھاوڵاتییانەی لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپاوە داوای مافی پەنابەرییان لە ئەڵمانیا کردووە بۆ ٣٨% بەرزبووەتەوە و بەشی ھەرە زۆری پەنابەرە ئاسیاییەکان خەڵکی ئەفغانستان، عێراق و سوریان.
ژمارەی ئەو پەنابەرە سوری و ئەفغانییانەی داوای ھاوکاری دەکەن لە ماوەی چەند ساڵدا بە رێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و رێژەی ئەو ئەفغانییانەی کە داوای ھاوکاری دەکەن بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٠، ١١٩% زیادیکردووە و رێژەی ئاوارە سوورییەکانیش کە داوای ھاوکارییان کردووە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٢، ٥٥% زیادیکردووە. ٦١%ی ئەوانەی ساڵی رابردوو ھاوکارییان وەرگرتووە پیاو و ٣١%ی دیکەشیان ژن بوونە.
لە لایەکی دیکەوە کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکرد کە ساڵی رابردوو ژمارەی پەنابەرە ئەفغانییەکان لە سەرانسەری جیھاندا گەیشتووەتە ٢.٦ ملیۆن کەس و ژمارەی پەنابەرە سورییەکانیش گەیشتووەتە ٢.٥ ملیۆن کەس.