Naim Berjawi
07 تشرینی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 07 تشرینی یەکەم 2024
بەیروت – دیمەشق ــ AA
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە میانی زنجیرەیەک ھێرشدا، ژمارەیەک ناوچەیان لە باشووری شاری بەیروت پایتەختی لوبنان کردە ئامانج.
ھاوکات ڕژێمی سووریا، بانگەشەی ئەوەی کرد کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، ھێرشیان کردووەتە سەر پارێزگای حمس ناوەڕاستی سووریا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەستی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، ھێرشیان کردووەتە سەر سێ ناوچەی باشووری شاری بەیروت.
پیشتر گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ئەفیخای ئەدرعی دوای لە دانیشتووانی ناوچەکانی حەدەس و بورج بەراجینە باشووری بەیروت کردبوو کە ماڵوحاڵی خۆیان بەجێبھێڵن و وەک خۆی بانگەشەی بۆ کردووە کە چەند دامەزراوەیەکی سەربە حزبوڵڵا لەو دوو ناوچەیە بوونیان ھەیە و ئەگەری ھەیە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بۆردومان بکرێن.
ھاوکات سەرچاوەیەکی پزیشکی لە لوبنان ڕایگەیاند کە شەوی ڕابردوو، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل زنجیرەیەک ھێرشی چڕیان کردووەیە سەر ناوچەی زاحییە باشووری بەیروت.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشداوە کە بەھۆی ھێرشەکانەوە، زیانێکی زۆر بە دوو نەخۆشخانە لە ناوچەی زاحییە کەوتوون.
ھەر لەوبارەیەوە حزبوڵڵای لوبنان لە چەند ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە چەکدارەکانیان بە ئاراستەکردنی مووشەک، ژمارەیەک خاڵی سەربازییان لە جوولەکەنشینەکانی باکووری ئیسرائیل، بۆردومان کردووە.
باسی لەوەش کردووە کە ھێرشەکانیان لە وەڵامی کۆمەڵکوژییەکانی سوپای ئیسرائیل بەرامبەر بە فەڵەستینییەکان لە غەززە و بەرگرییکردن لە لوبنان و گەلەکەی ئەنجامداوە.
لەلایەکی ئاژانسی ھەواڵی "سانا"سەربە ڕژێمی سووریا بانگەشەی ئەوەی کرد کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، ھێرشیان کردووەتە سەر پارێزگای حمس ناوەڕاستی سووریا.
ھەروەھا ئاژانسەکە بڵاوی کردووەتەوە: "سیستەمی بەرگریی ئاسمانی سووریا، بەرپەرچی مووشەکی دوژمنیان داوەتەوە".
ھاوکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەوە بڵاوکراوەتەوە کە بەھۆی ھێرشەکەوە، دەنگی زنجیرەیەک تەقینەوە لە پارێزگای حمس بیستراون.
تا ئێستا سوپای ئیسرائیل، ھیچ ڕاگەیاندراوێکی لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.