Ahmed Gouda
30 تشرینی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 30 تشرینی یەکەم 2023
غەززە – AA
لە ئاکامی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززەی گەمارۆدراو کە لە ٢٤یەمین ڕۆژی خۆیدا بەردەوامە، ژمارەیەک فەڵەستینی کوژران و برینداربوون.
ئاژانسی ھەواڵی فەرمی فەڵەستین "WAFA" لە ژمارەیەک سەرچاوەی خۆجێی بڵاوی کردووەتەوە کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بە چڕی ژمارەیەک ناوچەیان لە بەیت لاھیا، جەبالیا، بەیت حانوون باکووری کەرتی غەززە بۆردومان کردووە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەیشداوە کە لەگەڵ ھێرش و بۆردومانەکانی ئیسرائیل، ھێڵی پەیوەندیکردن و خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت لە ژمارەیەک ناوچەی باکووری کەرتی غەززە بچڕاون.
باسیان لەوەیش کردووە کە گەڕەکی نەسر و شەقامی جەلا باکووری ڕۆژئاوای غەززە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆردومان کراون.
ڕاشیانگەیاندووە کە تۆپخانەکانی سوپای ئیسرائیل، بە چڕی ژمارەیەک ناوچەیان لە ڕۆژھەڵاتی شارەکانی مەغازی و خان یونس بۆردومان کردووە.
ھەروەھا لە ئاکامی بۆردومانکردنی ژمارەیەک خانوو لە ناوەڕاستی خان یونس، ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوای ڕەفح، ژمارەیەک فەڵەستینی کوژراون و برینداربوون.
بەپێی دوایین ئامار کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە غەززە بڵاوکراوەتە، لە ئاکامی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە تا ئیستا، ھەشت ھەزار و پێنج کەس کوژراون کە لەنێویاندا، سێ ھەزار و ٣٢٤ منداڵ، دوو ھەزار و ٦٢ ئافرەت و ٤٦٠ بەساڵاچوو ھەن.
ھاوکات بەپێی ئەوەی وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە بەھۆی ھێرشەکانی حەماس بۆسەر ئیسرائیل تا ئێستا ، ھەزار و ٤٠٠ ئیسرائیلی کوژراون و پێنج ھەزار و ١٣٢ی دیکەیش برینداربوون، ھەروەھا ٢٣٩ ئیسرائیلی دیکە بە دیلگیراون.