Hemn Baban
06 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 06 شوبات 2018
ھەولێر - AA
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەیەوێت بۆ ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی کوردستان لیستێکی ئیسلامی لەگەڵ لایەن و رێکخراو و کەسایەتییە ئیسلامییەکان پێکبھێنێت.
ئەمڕۆ سێشەممە شەشی شوبات یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ٢٤ەمین ساڵیادی راگەیاندنی خۆی کردەوە و لە بارەگاکانی ئەو حزبە لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان یادی ئەو بۆنەیە کرایەوە.
لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی حزبەکە لە ھەولێر ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، سەڵاحەددین بەھائەددین و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و ھەروەھا ئەنجوومەنی جێبەجێکاری ئەو حزبە لە پێشوازیی ئامادەبووان بوون ئەوانەی بۆ پیرۆزبایی ساڵیادی راگەیاندنی یەکگرتوو ھاتبوون، بەتایبەت کە زۆرینەی میوانەکان لە حزب و لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییەکان بوون.
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کە خۆی بە حزبێکی سیاسی ئیسڵاحی دەناسێنێت کە ھەڵگری بیری میانڕەوییە لە بیر و لە جێبەجێکردندا لە شەشی شوباتی ساڵی ١٩٩٤ خۆی لە ھەرێمی کوردستان راگەیاند و سەڵاحەددین بەھائەددین بە ئەمینداری ئەو حزبە دیاریکرا.
تا ئێستا یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان حەوت کۆنگرەی بەستووە کە دوویان لە ٢٨ی ئایاری ساڵی ٢٠١٦ بوو و پاش دوورکەوتنەوەی بۆ یەک خول لە ئەمینداریەتی ئەو حزبە دواجار لە دوایین کۆنگرە گەڕایەوە و بە ئەمیندار ھەڵبژێردرایەوە.
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان باوەڕی بەکاری سیاسی و بەشداریی دەسەڵات ھەیە.
لە دوایین ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٠١٣ توانی ١٠ کورسی بەدەست بھێنێت و بوو بە چوارەم ھێزی سەر گۆڕەپانی سیاسی کوردستان لە دوای پارتی دیموکراتی کوردستان ٣٨ کورسی، بزووتنەوەی گۆڕان ٢٤ کورسی، یەکێتی نیشتمانی کوردستان ١٨ کورسی.
لەبارەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە، فەرھاد مەلا ساڵح کە ئەمڕۆ لە پێشوازیی میواناندا بوو لە بارەگای مەکتەبی سیاسی حزبەکەی لە شاری ھەولێر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ٢٤ ساڵی لە تەمەنی بەڕێکرد و ئێستا دەچینە ناو ساڵی ٢٥ەوە، دیارە یەکگرتووی ئیسلامی بەردەوامە لەسەر سیاسەتی خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان لەچوارچێوەی ئاشتەوایی نیشتمانی و دروستکردنی یەک لیستیی ئیسلامی لە سەرجەم لایەنە ئیسلامی و کەسایەتی و رێکخراوەکان و دیارە ئەوە تەوژمێکی ئیسلامی دەتوانێت قورساییەکی گەورە بدات بە کوردستان و بتوانێت گۆڕانکاری لەبواری چاکسازی و حوکمڕانی رووبدات و ھەروەھا نەخشەیەکی نوێ بھێنێتە کایەوە".
گوتیشی: "ئێستا سوپاس بۆ خوا پڕۆژەی یەک لیستیی ئیسلامییەکان چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و پشتیوان بە خوا لە داھاتوو برەوی زیاتری پێدەدەین و فراوانتریشی دەکەین و پێشوازی باشیشی لێکراوە، ھەروەھا ئێمە پێمان وایە دەبێت لایەنە کوردستانییەکان یەک دەنگ بین بۆ ئەوەی بتوانیین چارەسەری بژێوی و مووچەی ھاووڵاتییان لە رێگەی بەغداوە بکرێت وەکو ئەوەی ئێستا فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا یەکدەنگن بۆ ئەوەی داوای رێژەی ١٧ لەسەد بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان بکەن".
فەرھاد مەلا ساڵح لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی گوت "ئێمە بەردەوامین و بەشێکی سەرەکیین لە پڕۆسەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان. لە ماوەی رابردوودا یەکگرتووی ئیسلامی ئەوەشی سەلماندووە کە رۆڵی گەورە و کاریگەری بینیوە، بەتایبەت لە چوار ساڵی رابردوودا کە لە دەسەڵات بووین، پێشتریش لە ئۆپۆزسیۆن بووین، ئێستا ئێمە ئۆپۆزسیۆنین، ھەروەھا لە داھاتوودا بەشداریی ھەڵبژاردنەکان دەکەین و بەرنامەمان ھەیە لەگەڵ سەرجەم لایەنە ئیسلامییەکان پێکەوە بتوانیین نەخشەیەکی سیاسی گەورە دروست بکەین بۆ ئەوەی گۆڕانکاریی گەوەرەتر لەسەر ئاستی کوردستان بەدی بھێنین".
سەبارەت بە ھاتنە ناوەوەی ئەو ھاوپەیمانێتییە ئیسلامییەی لە نێوان یەکگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی ھەیە، ئەو بەرپرسەی یەکگرتووی ئیسلامی گوتی: "پێمان وایە دواجار برایانی کۆمەڵی ئیسلامیش موھتەمن بۆ ئەوەی لەچوارچێوە ئیسلامییەکە بن، بەڵام ئەگەر ئەو جارەش نەتوانن لەبەر ئەو ھۆکارانەی پەیوەستە بەخۆیانەوە ئومێدەوارین لە داھاتوودا بتوانین ئەو لیستە گەورەیە دروست بکەین".
لە ٢٤ ساڵەی راگەیاندنیدا یەکگرتووی ئیسلامی پێنجی ئەم مانگە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتبوو "بڕیاری کشانەوەی خۆمان لە حکوومەت راگەیاند بە ئومێدی ئەوەی ببێتە داچڵەکاندنێک و حکوومەت ناچار بکات ھەوڵی جیددی بدات بۆ بەدەمەوەچوونی داخوازییەکانی خەڵک و دابینکردنی مووچەی مانگانە لەکاتی خۆیدا".