Dlshad Saifaalddin Ahmed
03 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 04 تشرینی دووەم 2019
بەغدا ـ AA
خۆپیشاندەرانی ناڕازی لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەردەوامن لەسەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانیان، لە پارێزگای میسان خۆپیشاندەران رێگای کێڵگەیەکی نەوتیان داخست، ھەروەھا لە پارێزگای واست خۆپیشاندەران پردە سەرەکییەکانیان داخست.
یەکێک لە چالاکوانانی خۆپیشاندانەکانی پارێزگای میسان، ناسر ئەسەدی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە سەدان کەس لە خۆپیشاندەران، ئەو رێگا سەرەکییەیان داخستووە کەبەرەو کێڵگە نەوتییەکانی شارەکە دەڕوات، ھەروەھا رێگرییان کردووە لە فەرمانبەران لە چوونە سەر کارەکانیان.
ئەو ئاماژەی کرد بەوەی ئەو رێوشوێنانەی بەشێک لە خۆپیشاندەران ھاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی یاخیبوونی مەدەنییانە لە شارەکانی بەسرە و زیقار.
لە لای خۆیەوە چالاکوانی خۆپیشاندانەکانی واست، کەریم حاتەم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "خۆپیشاندەران لە پارێزگاکە، پردە سەرەکییەکانیان داخستووە و یاخیبوونی مەدەنییان راگەیاندووە".
پێشتریش، خۆپیشاندەرانی ناڕازی چەندین رێگا و شەقامی سەرەکی بەغدای پایتەختیان داخستبوو، دواتر لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە ئەو رێگایانە کرانەوە.
لەسەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی رابردووەوە، عێراق رووبەڕووی شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان بووەتەوە، شەپۆلی یەکەمی خۆپیشاندانەکان لە یەکی تشرینی یەکەمی رابردوودا دەستیپێکرد و ماوەی ھەفتەیەک بەردەوام بوو، شەپۆلی دووەمی خۆپیشاندانەکانیش لە ٢٥ی ھەمان مانگ دەستیان پێکردەوە و بە بەردەوامی رووبەڕووبوونەوە و پێکھەڵپڕژان لە نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکاندا روودەدات.
سەرەتا خۆپیشاندەران داوای باشکردنی خزمەتگوزارییەکان، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و رەخساندنی دەرفەتی کاریان دەکرد، بەڵام لەئێستادا، داوای دەستلەکارکێشانەوەی حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەھدی دەکەن.
بەپێی دوایین ئامارەکان کە بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە میانی خۆپیشاندانەکاندا تا ئێستا بوونەتە قوربانی، گەیشتووەتە زیاتر لە ٢٦٠ کوژراو و ١٢ ھەزار بریندار کە بریتین لە خۆپیشاندەر و کارمەندی ئەمنی.