Zana Natık Kerem
20 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 20 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستگیركردنی بەرپرسی كردەی رفاندن و تیرۆركردن سەربە رێكخراوی تیرۆریستیی داعشی راگەیاند.
لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاوی كردەوە كە هێزەكانی ئاژانسی هەوڵگریی سەربە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی دیالە، تیرۆریستێكیان بە ناوی (ئەبو تەها بەكری) دەستگیركردووە كە لە بەناو كەرتی عوزێم سەربە داعش كاری كردووە و بەرپرسی كردەی رفاندن و تیرۆركردن بووە كە لە ساڵی 2017دا لەسەر رێگای كەركووك و دیالە بەرامبەر بە هێزە ئەمنییەكان و هاووڵاتییان ئەنجامدراون.
ئەوەیش روونكراوەتەوە، ئەو تیرۆریستەی كە دەستگیركراوە بەپێی ماددەی چواری تیرۆر بەتۆمەتی ئەندامبوون لە رێكخراوی تیرۆریستیی داعش داواكرابوو و ئاماژە بەوەیشدراوە كە لە میانی لێكۆڵینەوە بەراییەكاندا، دەستگیركراوەکە دانی بەوەداناوە كە بەرپرس بووە لە ئەنجامدانی چەندین كردەی تیرۆریستی لە رفاندن و تیرۆركردن بەر لەوەی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكان ئەنجام بدرێت.
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا باس لەوە كراوە كە تیرۆریستە دەستگیركراوەکە، بە ئامانجی تەواوكردنی لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیدا، دەستبەسەركراوە.