سلێمانی
لە كەمپی عەربەت (25 كیلۆمەتر باشووری رۆژهەڵاتی سلێمانی) نزیكەی دوو هەزار ماڵباتی ئاوارەی عەرەبی پارێزگاكانی سەڵاحەدین و ئەنبار و مووسڵ و ئێزیدی تێدایە، ئەو ماڵباتانە ماوەی شەش مانگە بەهۆی جەنگی داعشەوە ئاوارەی پارێزگای سلێمانی بوون.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی سلێمانی عوسمان مستەفا لە بارەی كەمپەكەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو كەمپە پێشتر ئاوارەكانی رۆژئاوای تێدا بوو، بەڵام ماوەی ساڵێكە چۆڵكراوە و لەلایەن پارێزگاری سلێمانی و رێكخراوی UNHCR نۆژەن كراوەتەوە، ئێستا نزیكەی دوو هەزار خێزانی ئاوارەی نێوخۆ (شارەكانی دیكەی عێراق) ی تێدایە".
بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی سلێمانی لە بارەی ژمارەی ئاوارەكانەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی گوتی: "ژمارەی ئاوارەكان رۆژانە روو لە زیاد بوونە و ئاوارەی زیاتر دێنە سلێمانییەوە، تەنها لە ساڵی 2014 ەوە 317 هەزار كەس ئاوارەی نێوخۆمان هەیە كە بەهۆی جەنگی داعشەوە لە پارێزگاكانی دیكەی عێراقەوە ئاوارە بوون، جگە لە 15 هەزار و 700 خێزانی دیكە كە لە ساڵی 2003 و دوای رووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق و تێكچوونی دۆخی ئەمنی عێراقەوە تا سەرەتای ساڵی 2014 هاتوونەتە سنووری پارێزگای سلێمانی".
ئاوارەكانی نێو كەمپی عەربەت لە ژێر چادردا ژیان دەكەن و لە وەرزی هاوین و مانگی رەمەزاندا كۆمەڵێك كێشەو گرفتیان هەیە، دیارترینیان كەم ئاوی و نەبوونی ئاوی پاكی خواردنەوەیە.
ئەوەش وای كردووە بە ژن و پیرو منداڵەوە سەرقاڵی پەیداكردنی ئاو و گواستنەوەی ئاودان بە دەبە بۆ نێو چادرەكانیان.
ناعس تەها خەلەف ژنێكی تەمەن 38 ساڵەی ئاوارەی نێو كەمپەكەیە كە حەوت كچ و چوار كوڕی هەیە، ئەو چوار مانگە لە سەڵاحەدینەوە ئاوارەی پارێزگای سلێمانی بووە و لە نێو كەمپەكەدا نیشتەجێبووە.
ئەو ژنە ئاماژەی كرد بەوەی پێشتر لە ناوچەكەی خۆیاندا كاری كشتوكاڵیان كردووە، بەڵام لە ئێستادا سەرەڕای زۆری ژمارەی ئەندامانی خێزانەكەیان هیچ داهاتێكیان نییە و چاوەڕێی هاوكاری رێكخراوەكانن.
ناعس بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "چەندین كێشە و گرفتمان هەیە، بەهۆی پیسی ئاوی خواردنەوە كچێكم نەخۆشی گورچیلەی هەیە و هەفتانە پێویستە دووجار گورجیلەی بۆ بشۆردرێت، ئەوەش پێویستی بە خەرجی هەیە و هیچ داهاتێكمان نییە".
دایكی حاتەم ژنێكی دیكەی بەتەمەنی نێو كەمپەكەیە و لە پارێزگای سەڵاحەدینەوە هاتووەتە سلێمانی، ئەو گوتی: "دوای هاتنی داعش و میلیشیاكانی شیعە خانوو و ماڵمان لەگەڵ خاك یەكسان كراوە و هەمووی تێكدراوە، ئێستاش ناتوانین بگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان و ئەگەر بگەڕێینەوە رووبەڕووی كوشتن و سەربڕین دەبینەوە لەلایەن میلیشیاكانەوە".
قاسم ساڵح مەهدی گەنجێكیدیكەی ئاوارەی كەمپەكەیە و باس لەوە دەكات میلیلشیاكان ناهێڵن بگەڕێینەوە ناوچەكەی خۆیان بەهۆی ئەوەی ناوچەیەكی شیعە نزیكە لە ناوچەكەی ئەوانەوە.
روكان كەریم تەمەنی 25 ساڵە و خەڵكی ناوچەی دجێلە لە پارێزگای سەڵاحەدین، ئەویشماوەی چەند مانگێكە ئاوارەی سلێمانی بووە و بەهەمان شێوە باس لەوە دەكات لە ترسی میلیشیاكان و گرووپەكانی چەكدار ناتوانن بگەڕێینەوە ناوچەكەی خۆیان.
بەگشتی ئاوارەكان چاوەڕوانی هەلی گەڕانەوە و ئاسایی بونەوەی دۆخی ناوچەكانی خۆیان دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا داوا لەلایەنەكان و بەرپرسانی و حكوومەتی عێراقی و هەرێمی كوردستان و رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی دەكەن هاوكاری و كۆمەكی زیاتری ئاوارەكان بكەن.