سلێمانی
تیمە پزیشكییەكە لە 11 پزیشكی جۆراوجۆری سەرجەم بوارەكان پێكهاتوون و ماوەی پێنج رۆژ لە نەخۆشخانەكانی شۆڕش دەمێننەوە و چارەسەری پێویست بۆ بریندارانی شەڕی داعش و كەسوكاریان دەكەن و پزیشكێكی ژنانیشیان لەگەڵدایە بۆ بینینی ژن و دایكی پێشمەرگە.
سەرجەم چارەسەرەكانی ئەو تیمە بەبێ بەرامبەر دەبێت و لە ماوەی مانەوەیاندا لە دوو كاتی جیاوازی بەیانیان و ئێواران نەخۆش و بریندارەكان دەبینن.
د.شەماڵ جەبار یاوەر سەرۆكی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی "تیمە پزیشكییەكە تیمێكی 11 كەسیە بە هەماهەنگی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و دەزگای تەندروستی پێشمەرگە و كۆنسوڵخانەی كۆماری ئیسلامی ئێران هاتوون و ماوەی پێنج ڕۆژ دەمێننەوە و ڕۆژانە بە دوو شەفت بەیانیان و ئێواران كاردەكەن بۆ چارەسەر و بینینی بریندارانی شەڕی داعش و كەسوكاری پێشمەرگە و شەهیدان".
گوتیشی: "تیمەكە ڕاوێژكارین و لە 11 پزیشكی پسپۆڕی بوارەكانی شكاوی، چاو، مێشك و دەمار و هەناوی و ژنان و بیهۆشكاریان تێدایە و لەماوەی ئەو پێنج رۆژەدا لە نەخۆشخانەكانی شۆڕش و دەزگای تەندروستی پێشمەرگەدا كاردەكەن".
گوتیشی ئەوەی پێویست بە نەشتەرگەری بكات لەماوەی ئەم چەند رۆژەدا نەشتەرگەری بۆ دەكرێت و ئەوانی تریش ئەم پزیشكانە لەگەڵ پزیشكانی خۆماندا بڕیاردەر دەبن لەوەی ئایا چییان بۆ بكرێت".
دەربارەی بردنە دەرەوەی بریندارەكان گەر پێویست بكات د.شەماڵ گوتی: "ئێمە کەمتەرخەمیمان نەكردووە لە ناردنە دەرەوەی ئەو بریندارانەی پێویستیان بە دەرەوە هەیە و هەتا ئێستا نزیكەی 450 بریندار لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگە و دەزگای تەندروستی پێشمەرگە و وەزارەتی تەندروستییەوە نێردراونەتە دەرەوە". دەربارەی ئەم تیمەش گوتی "ئەمان ژمارەیەكمان بۆ دیاری دەكەن و ئەوە بێ بەرامبەر دەبەنە دەرەوە و چارەسەریان دەكەن ئەگەر ژمارەكەش زیاتر بێت كە بڕیاری ناردنە دەرەوەیان لێبدرێت ئەوا لەسەر ئەركی خۆمان دەیاننێرین".
لە شەڕی تیرۆرستانی داعشدا هەتا ئێستا زیاتر لە 6500 پێشمەرگە بریندار بوون و لەو ژمارەیەش نزیكەی 450 برینداریان نێردراونەتە دەرەوە بۆ چارەسەر و ئەوی تریشی لە نێوخۆ چارەسەر كراون.