حهلهب
دوای شەڕ و پێكدادانێكی قورس، هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا گوندی ئیلبیلی لە پارێزگای حەلەب لە دەست چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش رزگار كرد.
لەو بارەیەوە، فەرماندەی هێزی بەرەی شام ئەبو سەیاف بە ئانادۆڵوی راگەیاند "هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن لە دوو ئاراستەوە هێرشیان كردە سەر گوندەكە كە دەكەوێتە نزیكەی ناوچەی سۆران".
ئەبو سەیاف، باسی لەوە كرد كە پاش شەڕ و پێكدادان گوندی ئیلبیلیان لەدەست چەكدارانی داعش وەرگرتۆتەوە و گوتی: "دوای تۆپباران و شەڕ و پێكدادانێكی سەخت، توانیمان گوندەكە وەربگرینەوە. لە كاتی رزگاركردنی گوندەكەشدا 15 چەكداری داعش كوژران و ئەوانی دیكەشیان هەڵاتن".
ئەبو سەیاف ئەوەشی خستەڕوو كە دەستیان بەسەر تانكێكی رێكخراوی تیرۆریستی داعش و ژمارەیەك چەك و بڕێكی زۆری تەقەمەنی داگرتووە.
نزیكەی دوو هەفتە پێش ئێستا، رێكخراوی تیرۆریستی داعش هێرشی كردە سەر ناوچەكانی حەلەب كە لە ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن دان و دەستی گرت بەسەر ژمارەیەكی زۆر ناوچە و گونددا.