نزیکەی ١٠٠ هاووڵاتی یەمەنی، لە پارکی داگ هامارسکیۆلد بەرامبەر بینای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، بەهۆی رووداوەکانی وڵاتەکەیانەوە، خۆپیشاندانێکیان رێکخست.
ئەم خۆپێشاندەرانە دوای گوتەکانی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بان کی مۆن کە لەسەر رەوشی یەمەن دوابوو، کۆبوونەوە.
خۆپێشاندەران ئاڵای تورکیا و سعوودیە و قەتەریان هەڵگرتبوو، هاوکات درووشمیان بۆ یەمەنی باشووری ئازاد دەگوتەوە و وێنەی شای سعوودیە سلێمان بن عەبدولعەزیزیان هەڵگرتبوو.
رێکخەری خۆپیشاندانەکە سلێمان کادار لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێران، هانی حوسییەکان و چەند گرووپێکی تری چەکداری ناوچەکە دەدات و دەبێت هەرچی زووترە ئێران دەستبەرداری یارمەتیدانی حوسییەکان بێت. داواکارین ئۆپەراسیۆنی 'الحزم' بەبڕشت بەردەوامی هەبێت بۆ سەر حوسییەکان و چیتر چەکدارانی حوسی نەتوانن پێشڕەوی بکەن بەرەو شاری عەدەن کە شارێکی ستراتیژی کەنار دەریایە".
رۆژی رابردوو سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بان کی مۆن رایگەیاندبوو کە حوسییەکان و هاوپەیمانان بە بەکارهێنانی هێز، هەوڵی بەدەستهێنانی خاک دەدەن و حکوومەتی شەرعی دەڕووخێنن، ئەمەش پێشێلکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە.